"بەهۆی ئاگرەوە گیانی لەدەستداوە"

دوو هەفتەیە تەرمی ژنێکی فەڵەستینی لە پزیشکی دادی دهۆکە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

درەنگانی شەوی 21.5.2024، لە یەکێک لە باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی شاری دهۆک لە گەڕەکی ماڵتا ژنێک هاوار دەکات، بە جەستەیەکی پڕ ئاگرەوە لە شوقەکەی رادەکات، دواتر بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی لە دهۆک دەگوازرێتەوە.

ئەم ژنە کە نزیکەی چوار ساڵە لە دهۆک نیشتەجێیە ژنێکی بە رەگەز فەڵەستینییە و لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی شاری دهۆک بۆ ماوەیی ساڵێک کاری دەکرد، ناوی تەواوی “ئـ. ى. ع” یە، و تەمەنی 41 ساڵە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4.6.2024، دکتۆر شرین ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاوی لە دهۆک بە 964ی وت، “لە بەرواری 21.5.2024 لە کاتژمێر 4:24 خولەکی بەرە بەیانی، ژنە فەڵەستیینیەکەی کە لاشەی سوتابوو، گەیەندرایە نەخۆشخانە لای ئێمە و رێژەی سووتانەکەی 100‎%‎ بوو، دوای ئەوەی پزیشکەکان هەموو هەوڵێکیان دا کەوا ژیانی ئەم ژنە رزگار بکەن و چارەسەری پێویستییان بۆ کرد، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی و رێژەی زۆری سووتاویەکی، رۆژی دواتر 22.5.2024 گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رادەستی پزیشکی دادی دهۆک کرا”.

964 سۆراغی زیاتری بۆ کەیسی ئەم ژنە فەڵەستینییەی دهۆک کرد، بۆی دەرکەوت ئەم ژنە پێش چوار ساڵ بۆ یەکەم جار لە دهۆک نیشتەجێ بووە، بەڵام خانەوادەکەی، لە دایکی باوکی هیچ سۆراغێکیان نییە، سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمنی لە دهۆک کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت، وتی، “ئەوەندەی وەک سەرەتا دەرکەوتووە، باوکی ژنەکە فەڵەستینییە و دایکی عێراقییە”.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پزیشکی دادی دهۆک، لە بارەی روودانی سووتان و گیان لەدەستدانی ژنە فەڵەستینییەکە بە 964ی وت، “ئەمە هەفتەی دووەمە، تەرمی ژنە فەڵەستینییەکە لای ئێمە و لەناو بەڕاددا ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا کەس نەهاتووە، بڵێت من خاوەنی تەرمەکەن و کەسوکاری هیچ سۆراغێکیان نییە”.

“ئێمە تاوەکو سێ مانگی تریش دەتوانین تەرمەکە لەلای خۆمان هەڵبگرین، ئەگەر کەس دیار نەبوو ئەوکات رادەستی شارەوانی دەکرێت بۆ ئەوەی بەخاکی بسپێرن، کە تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە، ژنەکە خۆی سووتاندووە یاخود کەسێکی تر وای لێکردووە و لێکۆڵینەوەکان لەلای پزیشکی داد و پۆلیس بەردەوامن”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراون بە 964، کەسێک لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکراوە، “گومان هەیە دەستی لە سووتان یان کەیسی ژنە فەڵەستینییەکە هەبووبێت”، بەڵام تائێستا تۆمەتەکەی بەسەردا ساغنەبووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

نزیکەی 160 هەزار کەپسول لە دهۆک دەستی بەسەرداگیرا

نزیکەی 160 هەزار کەپسول لە دهۆک دەستی بەسەرداگیرا

ئاگرەکەی بازاڕی رەشی دهۆک زیانی مادی بۆ چەند کاسبکارێک...

ئاگرەکەی بازاڕی رەشی دهۆک زیانی مادی بۆ چەند کاسبکارێک هەبوو