پەرواز حوسێن
چوار دەرزی کیمیاییم وەرگرتووە”
+964
پەرستۆ ساڵح
پەرواز حوسێن پاش راگەیاندنی تووشبوونی بە شێرپەنجە، بۆ یەکەمجار باس لە وردەکاری نەخۆشییەکەی و سەرەتای ئاشکراکردنی دەکات و دەشڵێت، بە جۆرێک شۆک بووە گریانی نەهاتووە.
پەرواز حوسێن لە گفتوگۆیەکدا بۆ ماڵپەڕی عەرەبی ” سيدتي” دەربارەی چۆنیەتیی تووشبوونی بە شێرپەنجە و وەرگرتنی چارەسەر دەڵێت، ” سەرەتا زۆر شۆک بووم و پێشبینیم نەدەکرد، گریانیشم نەدەهات، بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەمەش تاقیکردنەوەیە و ئەگەری هەیە هەر کەسێک پێیدا تێپەڕبێت، یەکەم کەس هاوڕێ و برام د. سالار بە نەخۆشیەکەمی زانیم و دواتر خێزانەکەم”
بەپێی قسەکانی پەرواز حوسێن، لە مانگی دووی ئەمساڵدا بە نەخۆشییەکی زانیوە و تووشی ئازاری سک و خوێنبەربوونی دەکات، حەزی نەکردووە رایبگەیەنێت، تا کۆتایی چارەسەر و دەرمانەکانی، بەڵام نازانێت چۆن لە هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، هەموو ئەمانەش هانیان داوە بە فەرمی خۆی هەواڵەکە رابگەیەنێت و دەشڵێت، هەوادارانیشم مافی خۆیانە هەواڵم بزانن، بەبێ ئەوان نەدەگەیشتمە ئەم ئاستە.
دوای راگەیاندنی هەواڵی تووشبوونی بە شێرپەنجە، وەک خۆی باسی کردووە بۆ ئەو ماڵپەڕە، دەیان پەیوەندی تەلەفۆنی و هەزاران نامەی لە سۆشیال میدیاوە بۆ هاتووە، ئەو خۆشەویستییە گەورەیەی هەوادارانی، بە وزە و توانا بۆ ژیانی وەسف دەکات، کە وایکردووە زیاتر لەگەڵ نەخۆشییەکەی بجەنگێت .
پەرواز حوسێن بڕیاریداوە دوای چارەسەر و چاکبوونەوە، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بکات دژی ئەو نەخۆشییە و دەڵێت، “ئەم نەخۆشییە وادەکات بەهێز بیت و هەرگیز خۆت بەدەستەوە نەدەیت، ئێستا چوار دەرزی کیمیایم بۆ کراوە و نەشتەرگەرییەکیش دەبێت بکەم، کە بێگومان نەشتەرگەرییەکی قورسە و ئاسان نییە، هەموو کارێکی هونەریشم راگرتووە، چونکە ناتوانم و کیمییاییەکان قورسە و ئازارێکی زۆرم بۆ دروست دەکات”.