حاسڵاتی کوردستان و دەوروبەر

لە حەسەکە نەخۆشی گەڕی بڵاوبووەتەوە

+964

ژووری هەواڵ

36 زیندانی سیاسی ئێران داوایان کردووە دادگایی کچە چالاکوان نەرگس محەمەدی بە شێوەیەکی ئاشکرا بکرێت، نەرگس براوەی خەڵاتی نۆبڵ و لە 100 ژنە کاریگەرەکەی جیهانە بەپێی گۆڤاری تایم، دادگاییەکەی بەهۆی ئەوەوەیە ئاشکرای کردووە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنە گیراوەکانی ئێران.

ئاسایشی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانیان لەو کاتەی لە خوارووی کۆبانێ سەرقاڵی کاری خۆیان بوون، درۆنێکی تورکیا هێرشی کردووەتە سەریان و دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.

شەوی رابردوو پۆلیسی تورکیا چوونە سەر شارەوانی جۆلەمێرگ و دوای شکاندنی دەرگاکان چوونە ناو بینای شارەوانی، دوای ئەوەش محەمەد سدیق ئاکشیش هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ لە وان دەستبەسەرکرا.

پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) هەڵوێستی توندی دەربڕی دژی هێرشکردنە سەر شارەوانی جۆلەمێرگ و دەڵێت ئەمە دەستبەسەداگرتنی ئیرادەی سیاسییە و کودەداتە، بۆیە بە هیچ جۆرێک قبوڵی ناکەین، دەم پارتی براوەی شارەوانی خۆلەمێرگ بوو.

سەرچاوە پزیشکییەکان لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێن لە دەوروبەری حەسەکە نەخۆشی گەڕی بڵاوبووەتەوە و لەماوەی سێ مانگدا نزیکەی 60 کەس داغڵی نەخۆشخانە کراون، ترسەکە ئەوەیە نەخۆشییەکە گوازراوەیە و ئەگەری تەشەنەکردنی زۆرە.

کۆڵبەرێکى کوردى دانیشتوى گوندى وەڵیوى سەر بە شارى سەردەشت کە ناوى رەحیم ئیبراهمى تەمەن 30 ساڵە و باوکى سێ منداڵە، لە کاتی راوەدوونان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دوای بەربوونەوەی بۆ ناو ئاوی رووبارێک لە بەرزایییەکانی چیای قەندیل گیانی لەدەستدا.