له ناسڕییه چی رووده‌دات؟
هێرشكرایه سه‌ر خۆپیشانده‌ران و لە هاوڵاتی و پۆلیس بریندار هه‌یه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەدا به‌گژیه‌كداچوون، کە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەیه، له ئه‌نجامیشدا برینداری لێكه‌وته‌وه و مامه‌ڵه‌یه‌كی ناشیرین به‌رامبه‌ر به‌شێك له‌و ژنانه‌ش كرا، كه له گردبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربوون.
خۆپیشانده‌ران له دوو شوێن گردببوونه‌وه، لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی ژیقار لە ناوچەی خەمیسات لە رۆژهەڵاتی ناسرییە و ئه‌ویدیكه‌ش له لقی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە باشووری شارەکە.
لەو گرتە ڤیدیۆییانه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتووه، ده‌رده‌كه‌وێت ئەندامانی دەمامکدار لە هێزە ئەمنییەکاندا رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ده‌بنه‌وه و به توندی لێیان ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر چه‌ند ژنێك و لێیان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات 19 پۆلیس بریندارن و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌كه‌ن.
كێشه‌كه چییه؟
ژماره‌یه‌كی زۆر كارمه‌ندی گرێبه‌ست له كۆمپانیای نه‌وتی زیقار (ناسڕییه) داوا ده‌كه‌ن بكرێن به فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی، به تایبه‌تی له پاڵاوتگه‌ی ناسڕییه، كه ژماره‌یان سێ هه‌زار كه‌سه، ئه‌وان به خاوه‌نی گرێبه‌ستی (315) ناسراون،
ئه‌و كارمه‌ندانه داواده‌كه‌ن وەک هاوتاکانیان بكرێن به هه‌میشه‌یی، وه‌ك لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌كی دیكه وه‌ك فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی دامه‌زراون، ئێستاش ئه‌و خاوه‌ن گرێبه‌ستانه داوا ده‌كه‌ن له رێگه‌ی ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكرێنه هه‌میشه‌یی، یان لە بودجەی ساڵی 2024 له بڕگه‌یه‌كدا شوێنی ئه‌وانیش بكرێته‌وه و موچه‌یان بۆ دابی بكرێت، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه سبه‌ی دووشه‌ممه پەرلەمانی عێراق كۆده‌بێته‌وه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر په‌سندكردنی بودجه‌ی 2024.
وه‌زاره‌تی ناوخۆ: 19 پۆلیس بریندارن و رووداوه‌كان ده‌ستیان له پشته
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئه‌مشه‌و دوو راگه‌یاندراوی بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێن، 19 پۆلیس له رووداوه‌كانی ناسڕییه بریندارن و یه‌كێكیان برینی سه‌خته، وه‌زیری ناوخۆ عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی پێكهێناوه بۆ زانینی هۆكاری رووداوه‌كان، كه تێیدا چوار هاوڵاتییش بریندارن.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یان كردووه، به‌هۆی رووداوه‌كانه‌وه کۆمپانیای نەوتی زیقار و كارگه‌ی بەرهەمە نەوتییەکان و كارگه‌ی غازیش داخراون.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌ی دیكه‌شدا ده‌ڵێن، هێزه‌كانیان ئه‌ركی پاراستنی داموده‌زگانیان جێبه‌جێكردووه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، “تێبینی كراوه هەندێك لایەن كار بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و توندوتیژی ده‌كه‌ن بۆ ئامانجی سیاسی و ئەجێندای گوماناوی”.
لە نەجەف و بەسرە لافاو روویدا
كاردانه‌وه‌كان زۆرن
هه‌ر سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی ناسڕییه، هه‌ریه‌كه له لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی عێراق، هاوپه‌یمانی “قه‌یم” له ناسڕییه، چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراق و چه‌ند ده‌سته و رێكخراوێك، ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی توندوتیژی دژ به خۆپیشانده‌رانی ناسڕییه ده‌ربڕی و داوای چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
خۆپیشاندانی جۆراوجۆر
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه گردبوونه‌وه و خۆپیشاندان شاره‌كانی باشووری عێراقی گرتووه‌ته‌وه، خاوه‌ن گرێبه‌سته‌كان، خاوه‌نی پێداویستی تایبه‌ت و چه‌ند چینێكی دیكه، كه هه‌ندێكیان داوای دامه‌زراندن و به‌شێكیشیان داوای زیادكردنی موچه‌ی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌كه‌ن.