حاسڵاتی کوردستان و دەوروبەر

سیستمی دامەزراوەی حەج و عومرەی ئێران هاک کرا

+964

ژووری هەواڵ

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند هێزەکانیان لە سێ کاتی جیاوازی بەیانی و نیوەڕۆو ئێوارەی شەممە، هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا لە چیای ئامێدی و دەڵێن “لەم چالاکییانەدا کە تەکنیکی تایبەت بەکارهاتوون، کۆنتێنەرێک و حەشارگەیەک لەناوبراون”.

چەند هاکەرێک رایانگەیاند: توانیویانە سیستمی ئەلیکترۆنی دامەزراوەی حەج و عومرەی ئێران هاک بکەن و دەستکاری داتاکان بکەن، هەر ئەو گرووپە پێشتر سایتی چەند گەورە کۆمپانیایەکی گواستنەوە و بەکرێدانی ئۆتۆمبێلیان هاک کردبوو.

ئاسایشی حەسەکە رایگەیاند چەند باندێکی دزیکردنیان لە شارەکە دەسگیر کردووە، ئاسایش دەڵێت ئەو کەسانە ماوەیەکی زۆرە رێ لە خەڵک دەگرن و تاڵانی دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، کەسەکان جلی سەربازییان لەبەرکردووەو چەکیان پێ بووە.

پەکەکە دەڵێت لە رۆژی 30ی ئایارەوە هەتا ئەمڕۆ لە قەندیل و شاخی جود و ناوچە جیاوازەکانی بەرخۆان، 16 جار هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیاو گورزی گەورەیان لێوەشاندوون، سوپای تورکیاش بە چەکی کیمیایی وەڵامی داونەتەوە.

تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوو 67 کەس لە ئێران کراون بە پەتی قەنارەوە، واتە هەموو رۆژێک لە دوو کەس زیاتر دەکات، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە مانگی پێش خۆی کەمی کردووە، چونکە لە مانگی نیسان 77 کەس لە سێدارەدرابوون.

لە کۆبانێ زەوی و زارێکی زۆری بە جۆ چێنراو ئاگری گرت، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن بینویانە لە دیوی تورکیاوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە لەو شوێنەی دەکەوێتە تەنیشت (کانیا کوردان)، بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە زوو تەشەنەی کردووە، بەڵام هەر خەڵکی ناوچەکە خۆیان کۆنترۆڵیان کردووە.