نابێت باڵای دارەکانیان بەرز بن

ئەو ماڵانەی داریان لەبەردەم ماڵەکانیان هەیە دەبێت وریا بن

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی داوا لەو ماڵانە دەکات کە داریان لەبەردەم خانووەکانیان هەیە، تێکەڵی تەلی کارەبا نەبن چونکە زیانیان پێدەگەیەنێت.

چالاک عەبدولکەریم، ئەندازیار و لێپرسراوی هۆبەی GIS لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی- بەشی رۆژئاوا بە 964ی راگەیاند، لە زستاناندا کاتێک دارەکان تەڕ دەبن و بەر تەلەکان دەکەون کارەبا دەگوازنەوە بۆ زەوی، بەتایەت سێ تەلەکەی سەرەوە کە هێڵی 11 کەیڤییە و ڤۆڵتییەکەی بەرزە و کاتێک درەختی بەردەکەوێت کێشە بۆ فیدەرەکە دروست دەکات و کاتێک با دەیجوڵێنێت شۆرت دروست دەکات و تیمەکانیش بە ئاسانی کێشەکە نادۆزنەوە دەبێت سەرجەم دارەکان بپشکنن.

وتیشی، “هەم لەسەر شۆستە و هەم لەبەردەم ماڵەکان پێویستە ئەو دارانە نەڕوێندرێن کە زۆر بەرز دەبنەوە، داری سەبەحبەح باشە کە زۆر بەرز نابێتەوە و ئەو کێشەیە دروست ناکات”.

ئەو ئەندازیارەی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان پێشنیاریان کردووە ئەو تەلانە بگۆڕن بە تەل یان کێبڵی رووکەشکراو کە مەترسییەکان ناهێڵێت، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.

باسی لەوەش کرد، پێشتر حاڵەتی نەخوازراو لە ماڵانەوە روویداوە و گیانلەدەستدانیش هەبوو کە بە هۆکارێک کەسێک یان منداڵێک لە ماڵەکەیانەوە بەر تەلی کارەباکان کەوتوون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

داواى رووپۆشکردنى تەلى کارەباى ستونەکان دەکرێت

داواى رووپۆشکردنى تەلى کارەباى ستونەکان دەکرێت