محەمەد سەدر سیاسەتمەدار. وێنە: میدیا عەرەبییەکان
مەیلی لێیەتی، بەڵام یەکلانەبووەتەوە
رەنگە ئامۆزاکەی موقتەدا سەدر ببێتە سەرۆکی ئێران
964+
ژووری هەواڵ
هەم لەسەر ئاستی ئێران و هەم لە دەرەوەش قسەو باس زۆرن لەسەر ئەوەی کێ شوێنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران دەگرێتەوە، کۆتایی مانگی حوزەیران کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکەو ناوی زۆر کاندید دێنە مەیدانەوە.
لەناو هەموو ئەمانەدا ئەم چەند رۆژێکە ناوێکی جێ مشتومڕ هاتووەتە ئاراوە، ئەویش دکتۆر محەمەد سەدرە، سیاسەتوان و دیبلۆماسی دیارو خاڵۆزای جەعفەر محەمەد باقر سەدر باڵیۆزی عێراق لە لەندەن.
کاندیدە پێشبینی کراوەکە ئەندامی یەکێک لە بەناوبانگترین مەرجەعە ئاینییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە ماوەی چوار سەدەی رابردوودا لەنێوان کازمیەو خواروی لوبنان و ئەسفەهان و قوم و نەجەف جموجۆڵیان کردووەو ئەمڕۆش موقتەدا سەدر لە هەرە بەناوبانگەکانیانە.
چیرۆکی سەدر و خاتەمی چییە؟
دکتۆر محەمەد سەدر رایگەیاند گفتوگۆی لەگەڵ محەمەد خاتەمی سەرۆکی رەوتی چاکسازی کردووە لەبارەی خۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەویش نەسیحەتی خێری کردووەو قسەکانی ئەرێنی بوون، بەڵام چاوەڕێی گفتوگۆی جدیتر دەکات لەگەڵ بزوتنەوەی ریفۆرمی ئەو وڵاتە.
محەمەد سەدر لەسەر ئۆپۆزسیۆن حیسابەو دژبەری عەلی خامەنەیی رابەرە، لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەگەڵ هەموو سەرۆکە ئیسڵاحییەکان کاری کردووە، بەڵام بەمدواییە خامەنەیی لە خۆی نزیک دەکردەوە، چونکە ئەم سەدرزادەیە باش ئاگای لە سیاسەتی دەرەوەو خۆرهەڵاتی ناوەڕەست و ئەوروپایە.
خزمایەتیەکی دژوارو مردنێکی بێ کەسە
خزم خزمێنەیەکی ئاڵۆز لە نێوان خێزانی سەدو خومەینی دامەزرێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بە تایبەتی لە شاری قوم، هەروەها ئەم خزمایەتییە سەر دەکێشێت بۆ خێزانی محەمەد خاتەمی، بەڵام باوکی محەمەد سەدر، ئەیەتوڵا رەزا سەدر بەناوبانگترین مامۆستای فەلسەفەو برای ئیمام موسا سەدری شوێنبزر لە لیبیا، نەیاری سیاسەتەکانی خومەینی بوو، چەندین نامەو وتاری لەو بارەیەوە هەیەو لە بارودۆخێکدا کۆچی دوایی کرد کە وەک دەست بەسەرکراو وابوو.
کودەتایەکی کۆنتڕۆڵکراو
زۆرێک لە میدیا ئێرانییەکان دەڵێن گەیشتنی محەمەد سەدر بە پۆستی سەرۆک کۆمار خەڵک دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی خاتەمی، ئەو ساڵانەی ئێران زیاتر بەرووی دەرەوەدا کرابووەوەو لە ناوخۆش پەراوێزێکی ئازادی هەبوو، خۆ ئەگەر بەراستی کاندید بکرێت ئەوە پەیامێکی گرنگە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵک و وڵاتانی عەرەبی و خۆرئاوایی، بەڵام ئەمەش ئەگەرێکی بەهێز نییە، چونکە چەند ساڵێکە بزوتنەوەی ریفۆرمی ئەو وڵاتە لەلایەن خامەنەیی و دەستڕۆیشتووانی سوپای پاسدارانەوە فەرامۆش کراون.
دۆستی پاشازادەکان
ئەگەر ئەم بژاردەیە سەر بگرێت و محەمەد سەدر بچێتە سەر کورسییەکەی سەرۆک کۆمار، ئەوا لە عێراقدا دەبێتە جێی مشتومڕێکی زۆر، سەدرزادەکە تەون و داوی زۆر گرێی دەداتەوە بە مێژووی عێراقەو بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە خێزانی شەریفییەکان لە عێراق و ئەردەن، ئەم خێزانە تاجیان لەسەر نۆبەرەی سەردەمی پادشایەتی ناوە لە رێی محەمەد حەسەن سەدری وەزیرە هەرە بەناوبانگەکەی ئەو سەردەمە.
خێزانە جێ مشتومڕەکە
لە دوو سەدەی رابردوودا خێزانی سەدر زۆر کەسایەتی دیاریان تیا دەرکەوتووە، کەمیان دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە بە فەرمی بچنە ناو سیاسەتەوە، زۆرجار کوشتەی دەستی تیرۆرو خۆشاردنەوەو راوەدونان بوون، بەڵام لە ژیانی کۆمەڵایەتی و فکریدا هەر باڵادەست بوون، لەناو دامەزراوەی ئاینیشدا جێی مشتومڕبوون بەتایبەتی لەسەر دۆسێی فەلەستین و پەیوەندییان بە گروپە چەپڕەوەکان و بانگەشەی لێبووردەیی لەنێوان موسوڵمان و کریستیان و باقی پێکهاتەکانی تردا، بەدیاریکراوی لە سوریاو لوبنان، ئەویش لەرێی موسا سەدر ”ئیمامە شوێنبزرەکە”.