شارۆچکەی ئەڵڵایی - وێنە: سۆشیال میدیای ناوچەکە.
سکاڵا لەسەر خاوەنەکانیان تۆمار دەکرێت
لە ئەڵڵاییەوە هۆشداری بە ئاژەڵدارەکان دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
شارۆچکەی ئەڵڵاییش لە قەزای بازیان وەک چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکە بەدەست ئاژەڵی بەرەڵاوە داد و بێدادیەتی، شارەوانییەکەی هۆشداری دەداتە خاوەنەکانیان.
رۆژانە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر شارەوانیی شارۆچکەی ئەڵڵایی و داوای چارەسەری ئاژەڵی بەرەڵا دەکەن، چونکە وەک شارەوانی دەڵێت، ئەو ئاژەڵانە بێزاریان دەکەن.
هێرۆ تاهیر، سەرۆکی شارەوانیی ئەڵڵایی بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئاژەڵانە سیمایەکی ناشیرین دەداتە شارۆچکەکە و هاوڵاتیانیش مافی خۆیانە ناڕەزایی بەرامبەریان دەرببڕن.
وتیشی، “ئێمە لاریمان نییە هاوڵاتیان لە گوندەکان ئاژەڵداری بکەن، بەڵام نابێت رێگەبدەن ئاژەڵەکانیان بێنە ناو شارەکانەوە و بچنە ناو کۆڵان و ماڵی خەڵکەوە”.
964 لە شارەوانییەکەوە دەزانێت ئەو ئاژەڵانەی دەچنە شارۆچکەی ئەڵڵاییەوە لە گوندەکانی نزیکییەوە دێن.
سەرۆکی شارەوانیی ئەڵڵایی وتیشی، “ئێمە ئەنجومەنی گوندەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، چەند جارێک پێیان دەڵێینەوە ئەگەر ئەو دیاردەیە کۆتایی نەهات، دەستبەسەر ئاژەڵەکاندا دەگرین و لە داواکاری گشتیش سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین”.