بكرێته‌ پڕۆژه‌ یان باخچه‌؟

پارچه‌ زه‌ویه‌ك له‌ حاجیاوا خه‌ڵكه‌كه‌ى كردووه‌ته‌ دوو به‌ره

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى حاجیاوا، پارچه‌ زه‌وییه‌ك مشتومڕى زۆرى دروستكردووه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ى دابه‌شی سه‌ر دوو به‌ره‌ كردووه‌، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت پێویسته‌ بكرێته‌ باخچه‌ و سه‌وزایی و دووه‌میش ده‌ڵێت بكرێته‌ پڕۆژه‌ بۆ قه‌زاكه‌.

پارچه‌ زه‌ویه‌كه‌ هی به‌شی سیانەی فه‌رمانگه‌ى کارەبای حاجیاوایه‌، كه‌وتووه‌ته‌ ناو جه‌رگه‌ى سه‌نته‌رى ئه‌م قه‌زایه‌ و بیناكه‌ له‌ ساڵى 1988 دروستكراوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ش كه‌ فه‌رمانگه‌ى كاره‌با بینایه‌كی نوێیان بۆ دروستكردووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر ئایینده‌ى ئه‌م پارچه‌ زه‌ویه‌ ده‌كرێت.

ئه‌زوه‌ر جه‌عفه‌ر، قایمقامى قه‌زاى حاجیاوه‌ (كه‌ تائێستاش ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌كارده‌هێنێت) به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئاگادارى ئه‌م مشتومڕ و  راووبۆچوونانه‌ى خه‌ڵكه‌ له‌باره‌ى ئه‌م زه‌ویه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ شتێك به‌من نه‌وتراوه‌”.

وتیشی “بڕیارى ده‌ستكاریكردنى ئه‌م پارچه‌ زه‌ویه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌به‌رهێنانى راپه‌ڕینه‌ و ئه‌وان ده‌توانن كار له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ بكه‌ن بۆ چ شتێك به‌كار ده‌هێنن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، وه‌ك باسكراوه‌، پارچه‌ زه‌ویه‌كه‌ى سیانه‌ى كاره‌با ده‌كرێته‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ به‌فه‌رمى كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

به‌شێكی خه‌ڵكی حاجیاوا كه‌ چالاكوانانى مه‌ده‌نییان له‌گه‌ڵن، پێیانباشه‌ ئه‌م پارچه‌ زه‌ویه‌ بكرێته‌ باخچه‌ و سه‌وزایی بۆ پشوودانى هاوڵاتیان و ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان.

به‌ره‌ى دووه‌می خه‌ڵكه‌كه‌ش پێیانباشه‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى له‌سه‌ر دروستبكرێت و پێیانوایه‌ پڕۆژه‌كه‌ زیاتر سوودى بۆ قه‌زاكه‌یان ده‌بێت.

ژینگەدۆستانی حاجیاوا نەمامی دیکەشیان چاند

ژینگەدۆستانی حاجیاوا نەمامی دیکەشیان چاند