تووشی نەخۆشی بوون
نزیکەی چوار هەزار داری دارستانەکەی رانیە وشکبوون
964+
پێشەوا محەمەد
دارستانەکەی رانیە بارودۆخی باش نییە، دارەکانی تووشی نەخۆشی بوون و نزیکەی چوار هەزار دارسنەوبەری وشکبوون، فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین دەڵێت، دارەکان نەخۆشییان هەیە.
فەرمانگەکە بەدواداچوونێکی بۆ وشکبوونی دارەکان کردووە، گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی دارەکان نەخۆشی و کەڕوو و گەرمبوونی کەشوهەواوە هەیە.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی چوار هەزار دار لە دارستانی رانیە وشکبوون، پێویستیان بە بڕینەوە و فەوتاندن هەیە بۆ ئەوەی ئەو دارانەی نەخۆشن نەیگوازنەوە بۆ دارەکانی دیکە.
دارستانی رانیە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە گشتی 25 هەزار دار سنەوبەر لەخۆدەگرێت، دارستانەکە تا نزیک دەربەندی رانیە درێژبووهتهوه لەسەر رووبەری 915 دۆنم زەوی چێندراوە، بهڵام ماوەی سێ ساڵە دارەکانی دەستیان بە وشکبوون کردووە و تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار داری وشک بوون.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین وتیشی، “بەشێکی دارستانەکە ماندووە و هاوڵاتیانیش بەشێک لە دارەکانیان عەزێت داوە، بۆیە پێویستە ئەو دارە وشکبووانە لاببرێن و ئەگەر هەرشوێنێک پێویست بکات داری نوێی لێ بڕوێندرێت”.
964 لە دارستان و پاوانی راپەڕینەوە دەزانێت، بەهۆی کەمیی کارمەندەوە بەڕێوەبەرایەتییەکە توانای بڕینەوەی ئەو دارە وشکبووانەی نییە.
لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوودا 964 بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردبوو، ئەوکاتە سێ هەزار داری دارستانەکە وشک بووبوون، ئەو کێشەیە تا ئێستاش بەردەوامە و لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی هەزار داری تری دارستانەکە وشک بوون.