قەڵادزێ تێر ئاو دەبێت

کۆیە بێ ئاو دەبێت

964+

وریا فەتاح

کێشەى غازى کلۆرەکەى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى قەڵادزێ کۆتایى هات و لە سبەینێوە دانیشتوانى قەڵادزێ ئاوى تەواوەتییان پێدەدرێت، لە سبەینێشەوە بۆ ماوەى 72 کاتژمێر بەشێک لە گەڕەکەکانى کۆیە بێ ئاو دەبن.

ئەو گەڕەکانە لە کۆیە بێ ئاو دەبن ئەمانەن (گەڕەکەکانى گردى، سەرباخ، حاجى قادر، فیدڕاڵى، شەوگێراوە، سەیران سیتى، ناوداران، گردى عەرەبیان، ئەندازیاران، بەشێک لە گەڕەکى کەکۆن، زانست، ماڵەکانى هەردوو بەرى شەقامى 40 مەترى).

بەپێى راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى کۆیە، بەهۆى کارکردن لە شەقامى 40 مەترى و گواستنەوەى بەشێک لە بۆڕیەکانى هێڵى سەرەکى، بۆ ماوەى 72 کاتژمێر بەشێک لە گەڕەک و ماڵەکانى کۆیە بێ ئاو دەبن.

لە قەڵادزێش دواى نەمانى مەترسییەکانى غازى کلۆرەکە، سبەینێ هەموو ماڵەکان ئاویان پێدەدرێت، و تێرئاو دەکرێن.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى خاسە لە قەڵادزێ بە 964ـى وت،”ئەمشەو دوو کارمەندم راسپاردووە بۆ ئەوەى حەوزەکانى حەسار پڕ بکەن لە ئاو تاکو سبەینێ هەموو ماڵەکانى قەڵادزێ ئاویان پێبگات”.

“رۆژانە لە قەڵادزێ 25 تا 30 هەزار مەتر سێجا ئاو بە هاوڵاتیان دەدرێت و جیاواز لە شارەکانى تر هەموو رۆژێک هەر ماڵێک 45 خولەک ئاوى بۆ دەڕوات”، مارف مەحمود واى بە 964 وت.

لە رۆژى 20ـى ئەم مانگەوە، بەهۆى لێچوون لە یەکێک لە بوتلە کلۆرەکانى پڕۆژەى ئاوى خاسەى قەڵادزێ، گرفت بۆ ئاوى ماڵان دروست بوو و دانیشتوانەکەى بە نیوە ناچڵى و بە سیستمى نۆرە ئاویان پێدەدرا.

کێشە بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروست بوو

کێشە بۆ ئاوى خواردنەوەى دانیشتوانى قەڵادزێ دروست بوو