شەش کەس بوون

بۆمبێکی چێندراو کۆتایی بەژیانی خێزانێک هێنا

+964

سیروان خورشید – دوزخوماتوو

کەمێک پێش ئێستا، لەنزیک قەزای بێجی لەباکوری پارێزگای سەڵاحەدین، بۆمبێکی چێنراو بە خێزانێکدا تەقیەوە و خێزانێک کە لە شەش کەس پێکھاتوون سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

عەلی هاشم حسێنی، وتەبێژی میحەوەری باکوری حەشدی شەعبی لەسەڵاحەدین بە 964ـی راگەیاند، لەسەر رێگای نێوان هەردوو قەزای بێجی و حەدیسە، بۆمبێکی چێندراو بەخێزانێکدا دەتەقیوەتەوە، لەئەنجامدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە کە لە شەش کەس پێکدێن گیانیان لەدەست داوە.

وتیشی، “بۆمبەکە پاشماوەی چەکدارانی رێکخراوی داعشە کە لەو ناوچەیە ماوەتەوە.

خێزانەکە خەڵکی پارێزگای ئەنبارن و بۆ سەردان رۆشتونەتە قەزای بێجی، بەهۆی شارەزانەبوونی رێگاکەوە بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا هێزێکی ئەمنی زۆر گەمارۆی ناوچەکەیان داووە و لێکۆڵینەوش لە رووداوەکە بەچڕی دەستیپێکردووە.

لەهەمان کاتدا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەر رێگای کەرکوک بەغدا لەسنووری خورماتوو لەکاتی کێوماڵی سنووری ناحیەی سلێمان بەگدا بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای عێراقدا تەقیەوە، بەهۆیەوە ئەفسەرێک و سەربازێک گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی