شەش مانگی دیکە
تەمەنی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ، تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سەربەخۆی عێراقی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ کردەوە، ئەوەش بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی 7.7.2024 تەمەنی کۆمسیۆنەکە تەواو دەبوو، بە ماوەبەسەرچوو هەژماردەکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.5.2024، کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە 964ی وت، “پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ و تاوەکو 6.1.2025 درێژکرایەوە”.
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوە، ئەم کۆمسیۆنە ئەرکی سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستانی پێ راسپێردراوە.
رۆژی 10.6.2024 وادەی پەسەندکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئەم وادە نافەڕمی باس لە دواخستنی دەکرێ، بەو پێیەی لایەنەکان لە بانگەشە گەرم نین و کۆمسیۆنیش دووبارە تۆماری بایۆمەتری دەستپێکردووەتەوە، بەوەش چاوەڕوانکراوە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.