لە بەغدا بە لێزمەیە
کەشەکە خۆشە و باران دەبارێت
964+
وریا فەتاح
دانیشتوانى بەغداى پایتەخت بە دەنگى باران و رەشەبا بەخەبەر هاتن، ئەمڕۆ و سبەینێش لە هەرێمى کوردستان تاوە باران و نمە باران دەبارێت.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ سیشەممە، 21.5.2024، بارانێکى بەهێز بەغداى پایتەختى گرتەوە، بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە عێراقییەکان بڵاوکراونەتەوە لەگەڵ بارانەکە رەشەبایەکى بەهێز هەڵیکردووە و بووەتە هۆى تێکدانى کەپرى کانزایى و راماڵینى خۆڵ و خاشاکى سەر شەقامەکان.
لە هەرێمى کوردستانیش کەشەکە لەبارە و ساڵى ئەوانەیە کە حەز بە هاتنى گەرما ناکەن.
بەپێى راگەیەنراوى کەشناسى هەرێم، کەشى 48 کاتژمێرى داهاتوو باراناوى دەبێت و ئاسمان هەور و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانى گەرماش دادەبەزن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ ئەمڕۆ تاوە باران ئەگەرێکى بەهێزە و سبەنێ نیوەڕۆش بارانى کەم دەبارێت، بەڵام هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت.
هەر بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى، سبەینێ ئێوارە کەشەکە جێگیر دەبێت، بەڵام تۆزوخۆڵ لە بەشێک لە ناوچەکان بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 33
سلێمانی: 27
دهۆک: 32
کەرکوک: 36
هەڵەبجە: 30
زاخۆ: 32
سۆران: 27
حاجی ئۆمەران: 18
گەرمیان: 36