جلی دەهۆڵ و زوڕنا و خەسوتەقێنەشی تێدایە

ژن و پیاوێک زیاتر لە 900 دەست جلی کوردییان ئەرشیف کردووە

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

وشیار لەک و گوڵێ سەلیم، دوو هاوڵاتی دانیشتووی شاری هەولێرن چەند ساڵێکە، سەرقاڵی کۆکردنەوەی جلی رەسەن و کۆنە کوردییەکانی ژنانن.

گوڵێ خان لە بازاڕی تەیراوە و حەسیرەکە و پیرەژنان دانە بە دانە جلەکانی کڕیوە و کۆی کردووەتەوە، جگە لەوەی لێرە و لەوێش جلی کوردییان بۆ هێنراوە.

کراسەکان تەمەنیان جیاوازە، 70 ساڵ و زیاتریشن، ئێستا چاویان لەوەی ناوەندەکەیان فراونتر بکەن، تا خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە بێن سەیری جلە کوردییەکان بکەن.

سەرجەمی ئەوەی تائێستا کۆیان کردووەتەوە، زیاتر لە 900 جلی ژنانەن کە بە دەستوور و دیزاینی کۆن دوران، کراسی کوردیش هەیە تەمەنی زیاتر لە100ساڵە، ئاغاژنەکان و خانەدانەکانی کورد لەبەریان کردووە و ئەوان پاراستوویانە.

جلی کوردییەکان، سەلتە وجورجیات، ئەنگۆرە، خەسوتەقێنە و پولەکە و بوکێنە و چەندانی ترن، بەختیار لەک، کە یەکێکە لەوانەی جلەکوردییەکانی کۆگا کردووە، داوای کرد ئەو ژن و پیاوە بە تەمانەی دەمرن، لەپاش خۆیون جلەکانیان بپارێزرێن یان رادەستی ئەوانی بکەن.

ئەم پرۆژەیە لە مانگی هەشتی ئەمساڵ بەشداری دەکات لە فێستیڤاڵێکی کلتووریی لە وڵاتی ئەڵمانیا کە 24 وڵات بەشدار دەبن، وەک بەختیار لەک دەڵێت، ئامانج لە بەردەوامیدان بە کارەکەیان هێشتنەوەی رەسەنایەتی و کلتووری کوردییە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا