نەبوونی بودجە و کارمەند هۆکارن
پارکەکانی ئاکرێ بوونەتە زبڵخانە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
پارکەکانی قەزای ئاکرێ خەریکە وێران دەبن و دارەکانیان بەرەو وشکبوون دەچن، شارەوانی قەزاکە دەڵێت هیچمان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی بتوانین گرنگی بدەین بە پارکەکان و بودجە و کارمەندمان نییە.
لە قەزای ئاکرێ لەکۆی 19 پارکی گەورە و بچووک تەنیا چواریان بێکێشەن، ئەوانی تر هیچ گرنگیەکیان پێنەدراوە و خەریکە بەتەواوی وشک دەن.
بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ـی وت،”هیچ داهاتێکمان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی لە ئێستادا کاری سەرەکیمان ئەوە بێت گرنگی بە پارکەکان بدەین و لەهەمان کاتدا کێشەی کەمی ئاومان هەیە و ناتوانین دارەکان ئاو بدەین، تاوەکو پرۆژەی ئاوی قەندیل-ئاکرێ تەواو نەبێت زۆر ئەستەمە بتوانین بەپێی پێویست گرنگی بەم پارکانە بدەین”.
وتیشی،”کارمەندمان نییە بتوانین دایان بنێین بۆ ئەوەی چاودێری پارکەکان بکەن و گرنگی پێبدەن، ئەوەی ئێستاش هەیە پارکی گەورەی ئاکرێیە ئێمە بە کرێمان دابوو و لە وەرزی زستان دا پشتگوێ کرابوو، بەڵام لیژنەی گەشتوگوزار و لیژنەی سەرۆکایەتی شارەوانی دەنێرین و ئەو کێشەیەی هەیە چاکی دەکەینەوە”.
پێداچوونەوە: هاوبەش