کارمەندێکی فەوجی سەرۆکایەتی کۆماری تێدایە

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر رادەگەیەنێت

964+

ژووری هەواڵ

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند ”تۆڕێکی مەترسیدار”ی مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندووەتەوە، لەناو ئەوانەدا کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندێکی فەوجی سەرۆکایەتی کۆماری تێدابووە، ئەمەی دووەم شوێنی کارەکەی بۆ شاردنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێناوە، یەکێکی دیکەشیان لە سلێمانی کۆگایەکی هەبووە.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا نەنوسراوە ئەوانەی گرتویانن کێن، بەڵام لەگەڵ راگەیەندراوەکەدا ڤیدیۆیەکیان داناوە زانیارییان لەسەر کەسەکان خستووەتە روو، بەپێ ئەوە بێت یەکێکیان بازرگانێکی نێودەوڵەتییەو لە سلێمانی کۆگای تایبەتی هەبووە، سیانەکەی تر سەر بە دەزگا ئەمنییەکانن، یەکێکیان لای خۆمان لە هەرێم و ئەوەی تر لە بەغدا لە سەرۆکایەتی کۆمار و سێیەمیشیان لە زیقار.

تیمی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی رۆڵیان بینیوە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە.
زانیارییەکان بەم شێوەیەیە:

کەسی یەکەم:
گەورە بازرگانێکی نێو دەوڵەتییە، 20 کیلۆ کریستاڵی بڵاوکردووەتەوە، لە سلێمانی کۆگایەکی تایبەتی هەیە
رایەڵی پەیوەندیی بووە لە نێوان بازرگانە نێودەوڵەتیەکان و بازرگانە لاوەکییەکان، لە کەرکوک دەستگیر کراوە.

کەسی دووەم:
کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانە لە کوردستان (مونتەسیب)، نزیکەی 19 کیلۆ کریستاڵی لە بازرگانێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە لە چەمچەماڵ، سێ کیلۆی گەیاندووەتە بازرگانە لاوەکییەکان، پاش ئەوەی بازرگانە نێودەوڵەتییەکەی خزمی گیراوە، چوا کیلۆ لەو مادە هۆشبەرەی لەماڵەوە شاردووەتەوە.
ئەم کەسەیان بە هاوکاری بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی گیراوەو کاتێک گرتویانە مادەی هۆشبەری پێبووە.

کەسی سێیەم
کارمەندە لە فەوجی ”سەرۆکایەتی کۆمار”، تۆڕێکی بازرگانی لاوەکی دروستکردووەو 10 کیلۆ مادەی هۆشبەری لە بازرگانە نێودەوڵەتییەکە وەرگرتووە، لە شوێنی کارەکەی لە بەغدا مادە هۆشبەرەکەی شاردووەتەوە، کاتێک گرتویانە کیلۆیەک کریستاڵی پێ بووە.[راگەیەندراوەکە دەڵێت فەوجی ریئاسی، بەڵام لە بەغدا تەنیا بەفەوجەکەی سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێن فەوجی ریئاسی].

کەسی چوارەم
ئەمەشیان دیسان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانە، بەڵام ئەمیان لە زیقارە، بێجگە لە بازرگانیکردن پێوەی، خۆیشی بەکاری دەهێنێت، لە بەغدا بازرگانە سەرەکییەکەی ناسیوە.

لە ناو ڤیدیۆکەدا دیمەنی دەست بەسەرداگرتنی پارەو کریستاڵ و چەک دەبینرێت، لەناو گیرفان و ئۆتۆمبێل و تورەکەو کانتۆرو کەوانتەردا دەیدۆزنەوە، دەستگیرکراوەکانیش قۆڵبەست دەکەن.

ئاسایش دوو بازرگانی مادەی هۆشبەری لە دهۆک قۆڵبەست کرد

ئاسایش دوو بازرگانی مادەی هۆشبەری لە دهۆک قۆڵبەست کرد