بۆیەکەمجار لەبارەی کێشەی کۆرەک تیلکۆمەوە قسە دەکات

فاروقی مەلا مستەفا: کۆرەک دۆستمانە و چیمان پێ بکرێ دەیکەین

964+

ژووری هەواڵ

فاروقی مەلا مستەفا دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی فاروق دەڵێت ئێمە دۆستایەتیمان هەیە لەگەڵ کۆرەک تیلکۆم و چیمان لەدەست بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەیکەین، بەڵام خۆ ئێمە مەحکەمە نین.

ئەمڕۆ یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی شاری پزیشکی فاروق بوو، یەکێکە لە نەخۆشخانە زۆر گەورەو دیارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو کەسانەی سەروکارێکیان هەیە لەگەڵ کاری پزیشکی لەوێ بوون، وەزیری تەندروستیشی لێبوو.

یادەکە لە هۆڵی هۆتێل گراند میلینیۆم کرایەوە، هۆتێلەکەش و نەخۆشخانەکەش هەر فاروقی مەلا مستەفا خاوەنیانە، لەوێ لەسەر ستەیجی هۆڵەکە قسەی بۆ ئامادەبووان کردو باسی گرنگی ئەو پرۆژە تەندروستییەی کرد کە ساڵی 2014 لە سلێمانی کرایەوە، وتیشی پرۆژەکە زۆر گەورەتر دەبێت ”لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەرو چاندنی جگەر ئەنجام دەدرێت”.

فاروقی مەلا مستەفا لە پەراوێزی یادەکە بە 964ی وت،”هیوادارین بتوانین بەشداری بکەین لە چارەسەری نەخۆشی و ناخۆشی لەم وڵاتەدا”.

ئاسیا سێڵ یەکێک لە دیارترین کۆمپانیاکانى هێڵى پەیوەندیى کردنە لە عێراق و شەش مانگ زیاترە یەکێک لە کۆمپانیا رکابەرەکانیان [کۆرەک تیلکۆم] بە بڕیارێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پەیوەندییان پچڕاوە، پەیامنێری 964 پرسیاری ئەمەی لە فاروقی مەلا مستەفا کرد، ئەویش وتی ” دۆستایەتیمان هەیە لەگەڵ کۆرەک تیلکۆم و چیمان لەدەست بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەیکەین، بەڵام خۆ ئێمە مەحکەمە نین”.

رۆژی 01.11.2023 کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق نوسراوێکی بۆ کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵ ناردووە، داوا دەکات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن، ئەوانیش دەم و دەست بڕیارەکەیان جێبەجێکرد.

کۆمسیۆنەکە هۆکارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دراوە لە رۆژی 30ی ئابی 2022، هەروەها ”کۆمپانیاکە جدی نەبووە لە پێدانی ئەو پارە زۆرەی لە ئەستۆیەتی”.

لەو کاتەوە کۆرەک تەنیا لەناوخۆی تۆڕەکەیدا پەیوەندی هەیە و ئەگەر کەسێک بیەوێت بۆ ئاسیاسێل و زەین پەیوەندی بکات وەرناگیرێت و بەپێچەوانەشەوە هەر نییە.

کۆرەک دەڵێت خەریکین کێشەکە چارەسەر دەکەین

کۆرەک دەڵێت خەریکین کێشەکە چارەسەر دەکەین