ئەمڕۆ 50 تۆنیان وەرگرت
سایلۆی مەخمور دەستی کرد بە وەرگرتنی گەنم
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر –
سایلۆیی مەخموور دەستی بەوەرگرتنی گەنمی جوتیارانی سنووری مەخموور و ناحیە و گوندەكانی دەورووبەری كرد، لە یەکەم رۆژیشدا تەنیا 50 بارهەڵگر وەك نموونە وەرگیران بۆ دیاریكردنی پلە و جۆر و باشیەكەی.
مەڕوان حسێن بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مەخمور بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ تەنیا نموونەكان وەردەگیرێن و پلەكەیان دیاری دەكرێت بە سێ پلە دەخەمڵێندرێت. دەرەجە یەک و دوو و سێ.
ئەسعەد سەمەد جوتیارە و گەنمەكەی هێناوە بۆ سایلۆ بۆ ئەوەی لێی وەربگرن بە 964ـی وت، ئەمساڵ بڕیار زۆرباش نەبوو تەرزەش زیانی پێگەیاندوون، لە گوندی قەلاتەسۆران و عەلیەرەش و بەردەسپی زۆر وێرانی زیانیان زۆر کردووە، وایكردووە نیوە بە نیوە گەنمەكە ببێتە زەرەر و لە ئێستادا 43 تۆن گەنممان هێناوە بۆ سایلۆ.
بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک 850 هەزار دینار دیاری کراوە.
هەریەك لە وەزیری بازرگانی حكومەتی عێراق و قایمقامی قەزای مەخموور و بەڕێوەبەری سایلۆی مەخموور ئەوەیان راگەیاند، ئەمساڵ پلەی وەرگرتن كراوەتە 70% كە ساڵانی رابردوو 75% بوو بەڵام ئەمساڵ بەگوێرەی پاكیەكەی بۆ ئارد و ئالیك نمرەی بۆ دادەنرێت، گەنمە خراپەكانیش دووبارە جوتیارەكان دەیبەن بۆ خاوێن كردنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی