بۆچی دەڵێت: دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بووە
دیندار زێباری بۆ 964: ئەمریکا 37 جار بە باشە باسیکردووین
964+
ئەحمەد مستەفا
“لە ماوەی ساڵەکەدا دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بوو، بەهۆی زیادبوونی ئاستەنگەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنیی”، ئەم دەربڕینە لە دەستپێکی راپۆرتی ساڵی 2023ی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی پێ کراوە.
لە 86 لاپەڕەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.5.2024، کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر کۆی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە، ئەگەرچی وردەکاری زۆری لەبارەی پرسەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان داتا کردووە، بەڵام لە هەندێک لە داتاکاندا پشتی بە رێکخراوە خۆجێییەکان بەدەستووە.
نموونەیەک لە راپۆرتەکە گەیشتووە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێبار، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتەکەیە لە بارەی راپۆرتەکە بە کورتی بە 964ی وت، “راپۆرتەکە هێندە خراپ نییە، 37 جار بە باشە باسی هەرێمی کوردستان کراوە، وەڵامی نیگەرانییەکانیش کە بۆ میدیا ناکرێ باسی بکرێن، دراونەتەوە بە کونسوڵگەری ئەمریکا”.
“چەندین گرفتی گەورەی مافی مرۆڤ هەبوون، وەک راپۆرتی متمانەپێکراو لەسەر، کوشتنی نایاسایی یان هەڕەمەکیی، هەروەها کوشتنی بێ دادگاییکردن”. ئەمەیەکێکە لە تایتڵە دیارەکانی ناو راپۆرتەکە.
وەزارەتەکە لە راپۆرتەکەیدا کە وێنەیەکی گەیشتووە بە 964، ئەوەی نووسیوە، “رووداوەکانی ساڵ لە پەلاماری پچڕپچڕ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا و شانە پەیوەستەکانی؛ پێکدادانی لێرە و لەوێ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەدژی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق؛ هەروەها هەبوونی میلیشیا کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین”.
لە بارەی هەرێمی کوردستان تەرکیزی لەسەر ئازادی رادەربڕین بووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “تووندویژی و گێچەڵ، بە رۆژنامەنووسان و بەردەوامبوون لە رووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە، ترساندن و پەلامار لەلایەن میلیشیاکان یان هێزەکانی ئاسایش کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕاگەیاندن (Press Freedom Advocacy Association) تا کۆتایی مانگی مایس، 345 کەیسی پێشێلکاریی دژی رۆژنامەوانان لەسەر ئاستی نیشتیمانیی تۆمارکراوە، کە زۆرینەی کەیسەکان لە بەغدا و هەولێر بوون”.
دەستەی مافی مرۆڤ: هاوسەرگیریکردنی منداڵان نایاساییە
لە راپۆرتەکەدا، داتایەکی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (Reporters Without Borders (RSF))ی ئاماژەپێکردووە، کە لەو ساڵەدا نزیکەی 20 دەستگیرکردنی رۆژنامەوانیان تۆمارکردووە لە هەرێمی کوردستان.
راپۆرتەکە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی کەمئەندامانی بینیوە، ئەوەی بۆ نووسیون، “حکومەتی هەرێمی کوردستان 100.000 دیناری عێراقی (69 دۆلاری ئەمریکی)ی مانگانە وەک دەرماڵەی کەمئەندامیی دەدات بە فەرمانبەران و 150.000 دینار کۆمەکی کەمئەندامیی دەدات بە کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بێکار”.
داکۆیکارانی مافەکانی کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە، “کە رێکارە پاراستنەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ کەمئەندامان جێبەجێ ناکرێن، لەوانە مەرجی پێنج لەسەد دامەزراندن، نەبوونی دەستگەیشتن هێشتا گرفتە بۆ زیاتر لە 98 لەسەدی باڵەخانە گشتییەکان، پارکەکان، هەروەها هۆیەکانی گواستنەوە”، بە گوێرەی راپۆرتەکە، “کەسانی کەمئەندامان لە هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە لەسەر جیاکاریی کۆمەڵایەتی، تەنگپێهەڵچنین، گێچەڵی سێکسیی، هەندێک جار لەلایەن مامۆستایانەوە”.
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە راپۆرتەکە پشتی پێ بەستووە دەڵێت، “نزیکەی 12،000 خێزانی عێراقی راپۆرتیان پێشکەشکردووە لەسەر کەسانی بێسەروشوێن لەنێوان 2017 و 2023، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی پێدەچێت ژمارە راستەقینەکە بەرزتر بێت، لە 30 ئاب، کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) راپۆرتیدا لەسەر وەرگرتنی 994 داواکاریی گەڕان بۆ کەسانی بێسەروشوێن لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە تۆمارکردووە، چارەنووس و شوێنی 171 کەس یەکلای کرایەوە و پێنج کەس شادبوونەوە بە خێزانەکانیان لە دەرەوەی وڵات”.
هاوکات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، 2.644 کەس (1.244 ئافرەت و 1.402 پیاو) لە کۆی 6.417 کوردی ئێزیدی رفێندراو لەلایەن داعش لە ساڵی 2014 هێشتا بێسەروشوێنن.
هاوکات، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی 2003ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نێوان 100 تا 250 تاکەکەسی جوو لە هەرێمی کوردستان دەژین، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسا دژەسامییەکانی حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ ناکات و پشت دەبەستێت بە “یاسا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کە گەرەنتی پاراستنی مافەکانی ئەندامانی گروپەکانی کەمینە ئاینییەکان دەکات”.
راپۆرتەکە باسیلەوەکردووە، یاسای عێراقی فیدراڵ و یاسای هەرێمی کوردستان خەتەنەکردنی مێینەیان قەدەغە کردووە، “رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە پیادەکردنی خەتەنەکردنی مێینە بەردەوامە لە دابەزین لە هەرێمی کوردستانی عێراق، رێکخراوەکان ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ بەتاوانکردنی ئەم دیاردەیە و چالاکییە بەردەوامەکانی هۆشیارکردنەوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی”.