زیاتر لە 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تا ئێستا زیاتر لە 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە و رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزیدی لە رێگەی فەندێکی نێودەوڵەتییەوە.

دیندار زێباری، رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم بە فەرمانگەی میدیای و زانیاری وت: دانپێدانانی پەرلەمانی ئەڵمانیا یان پەرلەمانەکانی پێشتر و وڵاتان و حکومەتەكانی دیكەی دنیاش کە وابزانم رێژەکە لە دە وڵات تێپەڕیبێت، هەنگاوێکی گرنگە.

ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانیان بە جینۆساید وڵاتان پابەند دەکات لە لایەنی داراییەوە پشتیوانیی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بن بۆ ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان.

دیندار زێبارى دەڵێت، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت، قۆناغی یەکەم، لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی داتاو زانیارییە، تا دەگاتە قۆناغی پڕۆژەیاسا، بۆ ئەوەى دادگایی دەستپێبکات و پاشان لە رێگەى فەندێكی نێودەوڵەتییەوە قەرەبووى ماددى بکرێنەوە.

قۆناغی دووەم، میکانزمی نیشتمانییە کە پەیوەستە بە خودی عێراقەوە و دەبێت ناوی کوردانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعذ بە لیستێک ئامادە بکرێت.

قۆناغی سێیەمیش گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە کە زیاتر لە 135 هەزار ئێزیدین و ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن کە نزیکەی ٢٥ کەمپن و بەشێکی هەرە زۆریان لە پێکهاتەی ئێزیدین.

دیندار زێباری دەڵێت، “پڕۆسەی گەڕاندنەوە بە پڕۆسەی سیاسی و رێککەوتننامەی شنگالەوە بەستراوەتەوە کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.”

ساڵی 2019 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 87 پەرلەمانتار رۆژی 3ی ئابی بە رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان ناساند.