هاتووچۆ پەکى کەوت
شۆفێرانى بارهەڵگر دەروازەى سلێمانیان داخست
964+
وریا فەتاح
کەمێک پێش ئێستا شۆفێرى بارهەڵگران دەروازەى سلێمانیان داخست و هاتووچۆى پەکى کەوت.
شۆفێرانى بارهەڵگر لە ژێر پردەکەى تاسلوجە گردبوونەوە و رێگەى هاتووچۆى سلێمانى بۆ کەرکوک و سلێمانى بۆ دوکانیان داخست، کە ئەوەش شادەمارى سلێمانییە و گرنگترین رێگەیە بۆ چوونە ناو سلێمانى.
ئەمڕۆ 15ـى ئایار، دوامۆڵەتى شۆفێرانى بارهەڵگرە کە داویانە بە حکومەت بۆ چارەسەرکردنى چەند کێشەیەک، کە ئەمانەن:
یەکەم: کردنەوەى رێگەیەک بۆ هاتووچۆکردن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، هەموو رێگاکانیان بەسەردا داخراون.
دووەم: ئەو 20 هەزار دینارەى لە بازگەکان لە بەرامبەر سنۆنار و گومرگ لێیان وەردەگیرێت، هاوشێوەى عێراق بێت و بکرێت بە 5 هەزار دینار.
سێیەم: لە بازگەکان نەیان وەستێنن و کارەکانیان 24 کاتژمێرى بێت نەک لە دواى 12ـى شەوەوە مامەڵەکانیان رایى نەکرێت.
964 دەزانێت، بەهۆى دروستبوونى قەرەباڵغییەکى زۆر، رێگە بەهەندى ئۆتۆمبێلى تایبەت و بچوک دەدەن بۆ ئەوەى بچنە ناو سلێمانییەوە.