مەترسی گەورە لەسەر گیانی قوتابییەکان هەبوو
بۆ ئەوەی بە دەردی شاخەوانانی قەرەداغ نەچن سەردانی گەلی کەڕەک مەکەن
+964
ئاکام غەفور-سۆران
بەهۆی لافاو و باران بارین بەشێک لە رێڕەوە ئاسنینەکانی گەلی کەڕەک لە رواندز تێکچووە، ئەوانەی شارەزان دەڵێن مەردی خوابن مەیەنە ئەم ناوە، خەتەرە.
گەلی کەڕەک ناوچەیەکی شاخاوی دڵگیرە دەکەوێتە بناری چیای ئارموش لە سنووری قەزای رواندز، ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بۆی بڕۆی نزیکەی 15 خولەکی دەوێت تا دەگەیت، سێ ساڵە رێڕەوێکی ئاسنینی دوورو درێژی بۆ کراوەو شاخەوان و هەندێ لەوانەی خولیایان هەیە پیایدا سەردەکەون، بەڵام باران و لافاوەکەی ئەم دواییە بەشێکی تێکداوەو ئێستا ئامانی نییە.
لە رووداوەکەی قەرەداغەوە شاخەوان و شارەزاکان ترساون، بەردەوام خەڵک هۆشیار دەکەنەوە کە ئەو جێگە مەترسیدارانە بەکارنەهێنن.
رۆژی سێی ئەم مانگە گروپێکی شاخەوانی چوونە دەربەندی مەسووران لە نزیک گوندی ئاوەسپی لە قەرەداغ، ئەو رۆژە لێزمە باران بوو، چوار لە شاخەوانەکان بەهۆی لافاوەوە لەسەر رێڕەوە ئاسنییەکە کەوتەخوارەوەو گیانیان لەدەستدا.
گەلی کەڕەک ئێستا هەر مەترسی تێکچوونی رێڕەوە ئاسنینەکەی لەسەر نییە، بەڵکو بەردەکانی مەترسی خزانیان هەیەو لە هەندێ شوێنیش ئاو کۆبووەتەوە.
هەرچوار شاخەوانەکە گیانیان لەدەستداوە
دانیال نەبی، سەرۆکی فیدراسۆنی شاخەوانی سۆران، بە 964ـی وت،”سەردانی کردنی گەلی کەڕەک لە ئێستا گونجاو نیە و مەترسیدارە، داوا لە خەلک و گروپە شاخەوانیەکان دەکەین تاکو چاککردنی رێڕەوە ئاسنینەکان سەردانی نەکەن”.
وتیشی دەشلێت ”شوێنەکە بەهۆی لافاو تێکچووە، چاوەڕێی قایمقامیەتی رواندز و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین کە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکەن تاکو چاک بکرێتەوە”.
ئەم هەموو مەترسییە هەن، کەچی کاتێک پەیامنێری 964 لەوێ بوو بینی قوتابخانەیەکی ئەهلی قوتابییەکانی هێنابووە ئەو ناوە و بەبێ ئەوەی کەلوپەلی پێویستیان پێبێت بە بنارەکەدا هەڵدەزنان، تەنانەت هەندێکیان نەعلیان لەپێدابوو.
مەترسی گەلیەکە بەجۆرێکە ئەگەری ئەوەی هەیە بەهۆی دەنگی بەرزەوە بەردەکان بەرببنەوە، کەچی قوتابییەکان لەوێ یاری ئاگرینیان دەتەقاند.
دانیال نەبی لەبارەی هاتنی ئەو قوتابخانەیەوە وتی ”ئەوە زۆر مەترسیدار بوو، نە کەلوپەلی پێویستیان پێ بوو نە رێبەریان لەگەڵ بوو، تەنانەت لە یاساکانی دۆڵەوانی رێنمایی زێڕین ئەوەیە بە دەنگی نزم قسە بکرێت چ جای ئەوەی یاری ئاگر بتەقێندرێت.
رێڕەوی ئاسنینی گەلی کەڕەک درێژیەکەی پێنج کیلۆمەترە، لە ساڵی 2021 وەک یەکەم رێڕەوی ئاسنی لە عێراق دروستکراوە، تاکو گەیشتن بە کۆتای گەلیکە شەش تاڤگە هەیە و زیاتر لە 500 رێڕەوی ئاسنی دەبڕیت بۆ گەیشتن بە کۆتایی.