''دراوی ویلایەتی شارەزوور''
لێرە کار بە پارەیەک دەکەن کە لە هیچ شوێنێکی تر ناخوات
964+
رێژوان مامە- سلێمانی
بۆ بیست ساڵ دەچێت دراوی پەنجایی و سەد دیناری باوی نەماوە، کەچی هێشتا لە تێرمیناڵی شارەزوور لە سلێمانی کاری پێدەکرێت.
ساڵی 2003 لە عێراق دراوی پەنجا دیناری کاغەز چاپکرا، ساڵێک دوای ئەمە دراوی ئاسنی 25 و 50 و 100 دیناری خرانە بازاڕەوە، بەڵام هیچ لەمانە کاریان پێ نەکرا، چونکە کەلوپەلەکانی بازاڕ لەوانە گرانتربوون، بۆیە بانکی ناوەندی عێراق هەموویانی کشاندەوە.
ئێستا ئەم جۆرە دینارانە لە هیچ شوێنێک کارناکەن لە تێرمیناڵی شارەزوور نەبێت، شۆفێرەکان و ئیدارەی تێرمیناڵەکە سیستەمێکی دارایی تایبەتیان بۆ خۆیان دروستکردووە کە لەهی کەس ناچێت، هەندێ کەس بۆ شۆخی پێی دەڵێن: ”دراوی ویلایەتی شارەزوور”.
نزیکەی 250 هەزار دینار لەم جۆرە دراوانە لەناو تێرمیناڵەکە هەیەو سەوداو مامەڵەی پێوە دەکەن.
عومەر حەمەساڵح چاودێرە لە تێرمیناڵەکە، بۆ پەیامنێری 964ی روونکردەوە کە چۆن کار بەو پارەیە دەکەن: کاتێک شۆفێرێک نەفەر باردەکات و دەچێت بۆ هێڵی هەڵەبجەی تازە، دەبێت لە دەرچوون پسوڵەیەکی 900 دیناری بکرێت، هەزار دینار دەداتە کاشێرەکەو سەد دینار وەردەگرێتەوە، دوایی شۆفێرەکە ئەم پارە وردانە کۆدەکاتەوە و هەر لە تێرمیناڵەکە پسوڵەی پێ دەکڕێتەوە.
پارەکە لێرە نەبێت لە هیچ شوێنێکی تر ناخوات.
لە تێرمیناڵی شارەزوور پاس و تاکسی لە نێوان سلێمانی و هەڵەبجەو هەڵەبجەی تازەو سەیدسادق و وارماوەو پێنجوێن و چەندین ناوچەی دیکە هاتوچۆ دەکەن.