لە سلێمانی رۆژی 20 خێزان جیادەبنەوە
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
ئەندامێكی داواكاری گشتی سلێمانی دەڵێت، لە سلێمانی لە ماوەی 15 رۆژ 300 داوای جیابوونەوەی هاوسەرگیری لە دادگای شارەکە تۆمار کراوە.
ئەوە بە رێژەی ناوەندیی 20 داوای جیابوونەوە دەکات بۆ هەر رۆژێک.
چنار عەبدولقادر، ئەندامی داواکاری گشتی لە سلێمانی، ئەمرۆ چوارشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2023، بۆ 964+ی ئاشکراکرد “تەنیا لە یەک دادگا لە ماوەی پانزە رۆژی مانگی یەك، 300 سکاڵا لە لایەن هاوسەرانەوە تۆمارکراوە بۆ جیابوونەوە”.
بە سۆراغی 964+، ئەندامانی داواکاری گشتی لە سلێمانی داوایان کردووە کە بنەماکانی ژیانکردن و پێکەوەژیان و پێکەوەنانی خێزان بکرێنە بڕگەی یاسایی و یاسایەک تایبەت بەو پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان دەربکرێت..
بەپێی ئاماری دادگای باڵای عێراق لە ساڵی 2022ـدا 71 هەزار حاڵەتی جیابوونەوەی خێزانەکان تۆماركراوە، كە بۆ هەر رۆژێک نزیکەی 200 حاڵەت دەکات.