خورماتوو

کێشەى جوتیارانى ناوچەى داودە چارەسەرکرا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

کێشەى جوتیارانى ناوچەى داودە لە خورماتوو چارەسەر بوو، ئیدارەى قەزاکە بەڵێنى پێداون گەنمەکانیان لێوەربگیرێت.

کێشەى جوتیارانى خورماتوو ئەوەیە، رێگایان پێنەدەدرا گەنمەکانیان بۆ سایلۆ بگوزانەوە، چونکە خرابوونە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى، کێشەیەکى تریش ئەوەیە لە کەلار و کفرییەوە گەنم بۆ سایلۆى خورماتوو رەوانە دەکرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 12.5.2024، نوێنەری جوتیارانی ناوچەی داودە و بەشێک لە موختار و جوتیارانی قەزای خورماتوو، لەسەر ئەو کێشەیە لەگەڵ ئیدارەی قەزاکە کۆبوونەوە.

نەجات عەبدوڵا، نوێنەری جوتیارانی ناوچەی داودە بە 964ـی وت، “ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن سوپای عێراقەوە رێگری لە جوتیاران دەکرێت، بەرهەمەکانیان بۆ سایلۆی خورماتوو بگوازنەوە و ساڵانەش ئەو کێشەیە دووبارە دەبێتەوە”.

جوتیاران بۆ ئەوەى کێشەکە چارەسەر بکەن، لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى قەزاکە کۆبوونەتەوە و راشکاوانە گفتوگۆیان کردووە، بە وتەى نەجات عەبدوڵا، لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتن بە چارەسەر و بڕیاردرا لە سبەینێوە بەشى کشتوکاڵى قەزاکە چارەسەرى بابەتەکە بکات و رێگەپێدانیان بۆ بکات، تا بەرهەمەکانیان بۆ سایلۆ بنێرن.

بە وتەى حەسەن زەینولعابدین، قایمقامی خورماتوو، کە بۆ 964 قسەى کردووە، کێشەکە بە تەواوى چارەسەر بووە.

وەک ئەوەى قایمقامى خورماتوو باسى دەکات، ساڵانە جوتیارێکى زۆرى قەزاکانى کەلار و کفرى و چەند شوێنێکى دیکە، بەرهەمەکانیان دەبەنە سایلۆى خورماتوو، ئەوەش گرفتى بۆ گەنمى جوتیارانى قەزاکە دروستکردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح