دوو مۆزەخانەی ئەندازیاری بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران

964+

مریەم ئەحمەد – هەولێر

دوو مۆزەخانەی ئەندازیاری لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆک سەرنجی گەشتیاران رادەکێشن. مۆزەخانەکان سەرنجڕاکێشترین نەخشەسازی و هەندێ یاریی ئەندازەییشیان تێدا نماییش کراوە.

مۆزەخانەکان ناویان “ئلوژ”ـە. سەرەتا لە دهۆک ساڵی 2020 لەسەر رووبەری 750 مەتری چوارگۆشە دروست کرا و 70 نەخشەسازیی ئەندازەیی تێدایە، ئەوەی هەولێریش ساڵی 2021 لەسەر رووبەری 600 مەتر دووجا کراوەتەوە و 60 نەخشەسازیی ئەندازەیی تێدایە.

ریاز تەیب، بەرسی ئیدارەیی مۆزەخانەی  ئلوژنی هەولێر بە 964+ـی راگەیاند:  لە مۆزەخانەکە گرنگیی بە دوو شت دەدەین؛ یەكەمیان لایەنی زانستیی نەخشەسازییە تا گەشتیار بزانێت چۆن دەکرێن، دووەمیسش بەسەربردنی كاتێكی خۆش بۆ ئەو سەردانیكەرانەی دێنە ئەم مۆزەخانەیە.

چوونەژووەرەوە لەو مۆزەخانانە بە 10 هەزار دینارە، بۆ منداڵ 6 هەزار و بۆ خوێندکار 8 هەزار دینارە.

ریاز تەیب دەشڵێت؛ بەشەکانی مۆزەخانە بریتین لە بەشی ئاڵوگۆڕی وێنەکان، بەشی ئەندازەییەکان و بەشی فۆلکلۆر و مۆدێرن.

ژووری ئاوێنە ئاڵۆزەکان، کورسیی هەڵخەڵەتاندن و چاڵی بێ بن بەشی یاریی مۆزەخانەکەن.

ریاز وتیشی؛ رۆژانە 40 تا 50 کەس سەردانیان دەکەن، کە زۆرینەیان عەرەبن، “هەموو شەش مانگ جارێک نەخشەسازییەکان دەگۆڕین بە شتی نوێتر و سەرنجڕاکێشتر”.