بەشێک لە کارمەندان لە خولەکەدا - وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان
لە خولێکی 15 رۆژەدا
ئاستی کارمەندانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بەرز دەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
خولێکی 15 رۆژە بۆ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان کراوەتەوە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، خولەکە بۆ دووبارە ئەپدەیتکردنەوەی کارمەندانە.
لە خولەکەدا کارمەندان فێری مەسلەكی و رێزگرتنی دیسپلینی سەربازی و خولی مەشق و راهێنانی وەرزی دەکرێن.
“خولەکە ئاستی هۆشیاری و بەرپرسیارێتیی کارمەندان بەرزدەکاتەوە و دوایین زانیارییەکانیان سەبارەت بە دیسپلینە سەربازییەکان و پابەندییەکان پێدەوترێتەوە”، ئەوە قسەی فێنک شەفیقە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانە.
وتیشی، “کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دەگرێتەوە و دەبێت بەشدار بن”.
خولەکە ئێستا لە شەشەم رۆژیدایە و نۆ رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەشڵێت، “خولەکە لەژێر سەرپەرشتی و بە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ساڵانە لە وەرزەکانی بەهار و پاییز بەڕێوەدەچێت”.