خوێندنی خوێندکارانی چاکسازییەکان کرایە خۆڕایی
964+
توانا نەقی – هەولێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندنی خوێندکارانی چاکسازییەکانی کردە خۆڕایی، ئەو بڕیارەش هەموو خوێندکارێکی ئێواران و پارالێڵ دەگرێتەوە.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کە 16ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوەو کۆپی دەست +964 کەوتووە، وەزارەتەکە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کرێی خوێندن بە رێژەی 100٪ بۆ خوێندکارانی ناو چاکسازییەکان دەرکرد.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، بە لە بەرچاوگرتنی باری دارایی ئەو خوێندکارانەی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان سزادراون و لە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکان دەخوێنن، بڕیاریانداوە بە لێخۆشبوونیان بە رێژەی لە 100٪ بۆ تەواوی پرۆسەی خوێندنەکەیان تا ئەوکاتەی لە چاکسازییەکانن.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە 964+ی وت، بڕیارەکەیان ئاراستەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و هەمو زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان کردووە و چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
روونیشیکردەوە، ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە لە خوێندنی ئێواران، پارالێڵ و زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن و تا ئەوکاتەی لە گرتووخانە دەبن کرێی خوێندنیان لێوەرناگیرێت.
964+ دەزانێت، لە شەش چاکسازی هەرێمی کوردستنادا نزیکەتی 40 خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگا لە پرۆسەی خوێندن بەردەوامن و دەیانی دیکەش بەهۆی نەبوونی پارەوە، لە چاکسازییەکان وازیان لە خوێندن هێناوە .