مەكگۆرك چی گۆڕی؟

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر


ئاڵۆزیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی گەیشتە ئاستێك ئەمریكا نوێنەری تایبەتی خۆی بنێرێتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوولا كۆببێتەوە.

واشنتن، نیگەرانە لەو دۆخەی كە ئێستا لە كوردستان روودەدات، لە ئاستی باڵا  بەوردی چاودێری دۆخی هەرێمی كوردستان دەكات بەتایبەتی ئەو ئاڵۆزیانەی دوايی كە لەنێوان هەردوو حزبی سەرەكی هەیە.

برێت مەكگۆرك، نێردراوی تایبەتی كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوورى ئه‌فریقیا، لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی و سەرۆكی یەكێتی كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەكان، مەكگۆرك داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردووە كۆبوونەوەی باڵا لەسەر ئاستی سەرۆكی حزبەكان ئەنجامبدات و بەزووترین كات ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكرێت.

مەكگۆرك، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە، جەختكراوەتەوە لەوەی دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و سەرۆكی  پارتیش دڵنیايی داوە كە حزبەكەی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا.

 هەر لە هەولێر، مەكگۆرك لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبووەوە، مەكگۆرك داوای چارەسەری كێشەكانی لە یەكێتی كردووە و داوای كردووە بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

بافڵ تاڵەبانی بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاندووە، كۆبوونەوەكە ئیجابی بووە و توانیویانە گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ بكەن.

هەر دوای كۆبوونەوەكان، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی پارتی وتی “كێ دەڵێت ئێمە كێشەمان لەگەڵ یەكێتی هەیە، كێشەمان نییە و لەگەڵ یەكتریش كۆدەبینەوە ئەوەی سەرۆك بارزانی دەیڵێت هەر ئەوە دەكەین”.

ئەو قسانەی میرانی، لە كاتێكدایە پێشتر پارتی بە یەكێتی دەوت ئەو حزبە خۆی لە بەرپرسیاریەتی دەدزێتەوە و یەكێتیش بە پارتی دەوت هەموو شتێكی قۆرخكردووە و كوتلەكەشی حكومەتی بایكۆت كردووە