عه‌باكه‌ی مێسی ده‌كرێته‌ درێسی ئه‌رجه‌نتین؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ سۆشیال میدیادا وێنه‌ و دیزاینی درێسێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینه‌ و گوایه‌ كۆمپانیای ئه‌دیداس بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی دروست كردووه‌ و بیرۆكه‌كه‌ی له‌و عه‌بایه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ له‌ كاتی بردنه‌وه‌ی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ به‌ به‌ر مێسیدا كرا.

ئایا ئه‌م وێنه‌ و دیزاینه‌ راسته‌؟
رۆژنامه‌ی ئه‌لنه‌هاری لوبنانی سۆراغی راستیی ئه‌م بابه‌ته‌ی كردووه‌ و بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ راستیی بۆ نییه‌ و ته‌نیا دیزانێكه‌ و له‌ سۆشیال میدیا له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ دروست كراوه‌ و بره‌وی پێدراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌ی، كه‌ دیزاینه‌كه‌ش هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ كۆمپانیای ئه‌دیداس نییه‌ و له‌ هیچ ماڵپه‌ڕ و په‌یجێكی فه‌رمیی كۆمپانیاكه‌ شتێكی له‌و جۆره‌ نه‌ باس كراوه‌ و نه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو كارێكی خه‌یاڵی چه‌ند كه‌سێكه‌ له‌ سۆشیال میدیا.

له‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ڕ، كاتێك ئه‌رجه‌نتین بردییه‌وه‌ و مێسیی كاپتنی تیپه‌كه‌ جامه‌كه‌ی وه‌رگرت، له‌ لایه‌ن میری قه‌ته‌ڕه‌وه‌ عه‌بایه‌ك به‌ دیاری پێشكه‌ش به‌ مێسی كرا و له‌به‌ری كرا، كه‌ پێی ده‌ڵێت “ئه‌لبه‌شت” و هه‌ر به‌ عه‌باكه‌وه‌ ئاهه‌نگی بردنه‌وه‌ی مۆندیالی گێڕا.