بە كەمتر لە مانگێك

10 هەزار مەتر چوارگۆشە لە یەکتربڕی باخی بەختیاری سەوز دەکرێت

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی هەفتەیەك دەبێت دەستكراوە بە ئامادەكاری بۆ سەوزكردنی باخچە و بلوارەكانی یەكتربڕی باخی بەختیاری سلێمانی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش دەڵێت، 10 هەزار مەتر چوارگۆشە لە پڕۆژەكەدا سەوز دەكەن.

ئەحمەد حسێن، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری بە 964ـی وت، لەئێستادا لەقۆناغی سەوزكردنی پڕۆژەكەین، نزیكەی هەفتەیەك دەبێت دەستمان پێكردوە و بە مانگێك كۆی پڕۆژەكە سەوز دەكەین، كاری راكێشانی بۆری بۆ بەشی ئاودێری سەوزاییەكە تەواو بوەو دەستمانكردوە بە دار رواندن.

ئەو سەرپەرشتیارە وتیشی، نزیكەی چوار هەزار و 700 دار بە 17 جۆری جیاواز و گەورە و بچوك و مامناوەند لەوانە (رۆزماری خشۆك، مەشهەدی ،ئەرخەوان و ناروەند ) لە سەوزكردنی پڕۆژەكە بەكاردێت.

باسی لەوەشكرد، لە پڕۆژەكەدا حەوت هەزارو 500 مەتر سێجا گڵی گونجاوی كشتوكاڵی و هەزار و 120 مەتر دووجا چیمەنی سێ وەرزی (رایزۆم) بە فەرش دابینكراوە.

“ ئەندەرپاسی قلیاسانیش تەواو بوە و حازر كراوە بۆ قیركردن، بەمانگێكی دیكە كۆی گشتی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو دەبێت و هەردوو گەڕەكی قلیاسان و بەكرەجۆش بەیەكتریەوە دەبەسترێتەوە، ئەحمەد حسێن وای بە 964وت .

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ئەوەندەی نەماوە یەکتربڕی بەختیاری تەواو بێت

ئەوەندەی نەماوە یەکتربڕی بەختیاری تەواو بێت