لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە
85 واژۆ بۆ قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە کۆکراوەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 85 واژۆ بۆ قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کۆکراوەتەوە، پەرلەمانتارێک دەڵێت، کاتی ئەوەیە حکومەتی عێراق ئەو قەرەبووە بکات.
بەهۆی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەوە لە ساڵی 1988ـدا لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، پێنج هەزار هاوڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش بەشێکیان بە ئازاری بەرکەوتنیانەوە بە چەکی کیمیایی ئازار دەچێژن.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، دەیانەوێت پرسی قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە لە پەرلەمان بکەن بە بڕیارێک و حکومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی بکەن.
وتیشی، “36 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەڕیوە و هێشتا حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامە هیچ هەنگاوێکی بۆ گێڕانەوەی ماف و قەرەبووی بەرکەوتووان نەناوە و ئەوەش جێگەی نیگەرانیی هەڵەبجەییەکان و خەڵکی کوردستانیشە”.
پرسی قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجەییەکان چەند جارێک باسی لەبارەوە کراوە و داوا کراوە، بەڵام تا ئێستا نەبووە بە بڕیار.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “پێویستە قەرەبووەکە هەم ماددیو هەم مە عنەوی بێت و حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبووردن لە شاری هەڵەبجە بکات”.