رووناکی گڵۆپێک دەردەکەوێت _ وێنە: 964
بەرهەمهێنانی غاز دەستیپێکردووەتەوە
کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم: هەر غازەکە گەیشت کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی گەیشتنی غازی سروشتییە تا لە وێستگەکانی دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە، “ئەوەش پاش ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کودستان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگەیاند”.
لە رۆژی هەینیی رابردووەوە، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆی بۆردومانەوە وەستابوو، پاش چوار رۆژ ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگەیاند و وتی، “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاوڵاتیانی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ دەستیپێکردووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دۆخی کارەباش دەچێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی”.
دواتر، ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری یەکەی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتەکەدا وتی، “دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەستیپێکردووەتەوە، وەزارەتی کارەبا لە چاوەڕوانی هەناردەکردنی غازی سروشتین بۆ وێستگەکانی غازی کارەبا، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا یەکە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئیشپێبکرێنەوە و بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە”.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30.4.2024، کاتژمێر 7:26 خولەک، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاوردەکردنی غازی کۆرمۆر لە سلێمانییەوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، کارەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە ناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، دەستیپێکردووەتەوە، تا سبەی چوارشەممە تانکەرەکان دەستدەکەن بە هێنانی غازی ماڵان بۆ کارگەکان و دابەشکردنی بەسەر گەڕەکەکاندا ئاسایی دەبێتەوە”.
ئەو دەستپێکردنەوەیە، هاوکاتە لەگەڵ رەزامەندنی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، کە رەزامەندیی لەسەر نووسراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابوو، بۆ جێگرەوەی غازی کۆرمۆر، رۆژانە بڕی 720 تۆن غاز (هەولێر 300 تۆن، سلێمانی 260 تۆن و دهۆک 160 تۆن) بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بەڵام ئەو بڕیارە چلەی نەچوو، کۆرمۆر نیشانەی ئامادەبوونەوەی لەسەر زاری بەرپرسی عێراقی کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی راگەیاند بۆ دەستپێکردنەوە بە کاری بەرهەمهێنان.
کاتژمێر 7:15ی رۆژی هەینی رابردوو، درۆنێک خۆی کێشا بە بەشی کۆگای نەفتا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم، کاتژمێرێک دواتر بەهۆی وەستانی پرۆسەی ناردنی غاز لە کێڵگەکەوە، هەر حەوت یەکەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای غازیی هەولێر کوژانەوە و بەرهەمهێنانی غازی LPGی ماڵان راوەستا.