لە زستانیش هەولێر کێشەی کەمئاوی هەیە

964+

شۆرش عەبدولستار – هەولێر

ساڵی رابردوو لە هەولێر 80 بیر لێدراون و 24 بیری دیکەش نۆژەن کراونەتەوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە چوار گەڕەکی ئەو شارە بێئاون.

زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوبەڕی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە 964+ی راگەیاند، ئەو گەڕەکە کۆنانەی کێشەی بێئاویان هەیە هێلی ئیفرازییان پێنەگەیشتووە، بۆیە بیری نوێمان بۆ لێداون.

964+ زانیویەتی، لە وەرزی زستانیشدا، چەندین گەرەک لە شاری هەولێر کێشەی بێئاویان هەبووە، وەک گەڕەکەکانی بێرکۆتی نوێ، قەڵای نوێ، رۆشنبیری، ئەنفالانی بەحرکە و چەندانی تر.

هەموو بیرەکانی شاری هەولێر و هێڵی ئیفراز یەک، دوو و سێ بە کارەبا کار دەکەن، بەڕێوبەڕی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت، بەهۆی کەمی کارەباوە ئەو گەڕەکانە تووشی کەمئاوی دەبن.

بڕیاردراوە بۆ ئەو کاتانەی کە کارەبای حکومی نیە، مۆلیدەکان کارەبای بیرەکان دابین بکەن، بە وتەی زەردەشت عەبدولخالق کارەبای 182 بیر بەستراوەتەوە بە کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان.

“180 مۆلیدەی خۆمان هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای بیرەکان،” زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوبەڕی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر وای وت.

ئەو زیاتر وتی: سەرجەم شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێلمان ئاگادار کردووەتەوە، پێویستە ریسایکلین دابنێن، چونکە ئەو شوشتنگانە سەر بە تۆڕی ئاوی هەولێرن و بیری تایبەت بە خۆیان نییە، هەروەهادەستمان کردووە، بەبڕینی ئەو هێلە ئاوانەی، کەوا بە سەرپێچی راکێشراون بۆ شوشتنگەکان.