رێكخراوێك: ساڵانه 6000 تۆن په‌رتووكى بێ سوود هه‌یه
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده فڕێدان و سوتاندنى په‌رتووكی خوێندنى قه‌ده‌غه كرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
رێكخراوێكی ژینگه‌یی، له ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا، دوو جار پێشنیار بۆ وەزیری پەروەردەی هەرێم ده‌كات، كه ئه‌و كتێبانه‌ى ساڵانه له ناوه‌نده‌كانى خوێندن ته‌له‌ف ده‌كرێن، به‌شێوه‌یه‌كی زانستى له‌ناو ببردرێن نه‌ك بسووتێندرێن، وه‌زاره‌تیش سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له نووسراوێكدا ده‌ڵێت، فڕێدان و سوتاندنی پەرتووک، ناپەروەردەیی و نادروسته.
رێكخراوى ئایینده بۆ پاراستنى ژینگه، له پێشنیاره‌كانى ئاماژه به‌وه ده‌كات، لە هەرێمی کوردستان زیاد لە شەش هەزار قوتابخانە و خوێندنگا هەیە جگە لە باخچەی ساوایان، ساڵانە نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار تۆن پەرتووک بەکارناهێننەوە و به‌شێوه‌ى نازانستى له‌ناوده‌برێن.
رۆژى 25.4.2024 وەزارەتی پەروەردە، گشتاندنێكی بۆ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كردووه و ده‌ڵێت: سووتاندن و فڕێدانى په‌رتووكی بێ سوود، كارێكی ناپه‌روه‌رده‌یی و نادروسته له‌به‌رامبه‌ر ژینگه.
ئاگاداریان ده‌كاته‌وه، كه پێویسته سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى په‌روه‌رده پابه‌ندی رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ت بن و بۆ هیچ شوێنێك رێگه‌پێدراو نییه په‌رتووكی بێسوود فڕێبدات یاخود بسوتێندرێت.
داواشی له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان كردووه، كتێبه‌كان كۆبكه‌نه‌وه و له كۆگاكان بیپارێزن تاوه‌كو ده‌رچوونى ته‌نده‌رى فرۆشتن و هه‌ر لایه‌نێك هه‌ڵبستێت به‌له‌ناوبردنى په‌رتووك خۆی به‌رپرسیار ده‌بێت.
مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئایینده به 964ـى وت، دووجار وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمیان له‌و بابه‌ته ئاگادار کردووه‌ته‌وە یه‌كه‌مجار له 17.11.2019 و دووه‌م جاریش له 25.4.2024.
وتیشی،”بە خۆشحاڵییەوە، بەڕێز وەزیری پەروەردە بەڵێنی پێمان‌دا کە ئەو گرفتە چارەسەر بکات و گشتاندن بکات بۆ پەروەردەکان، کە ڕێگە بەو کارە نەدەن و به‌فه‌رمیش هه‌ر ئه‌و رۆژه نووسراوى كردووه”.
باسی له‌وه‌شكردووه، باشترین پێشنیار بۆ له‌ناوبردنى په‌رتووكه‌كان كه بۆ وه‌زیریان ناردووه، لە رێگەی کۆمپانیاکانی ڕیسایکلینەوە چاره‌سه‌ر بكرێن كه دوو قازانجیشی دەبێت، هه‌م ژینگه پیس نابێت و هه‌میش بڕه پاره‌یه‌ك بۆ وه‌زارەتى دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه.