داوای چارەی بەپەلە دەکەن
زۆری ژمارەی بارهەڵگر دانیشتوانی گوندەکانی کۆلکەڕەش و کامووسەکی بێزار کردووە
964+
رێژوان مامە قادر
زۆری ژمارەی بارهەڵگرەکان کە بە گوندەکانی کۆڵکەڕەش و کامووسەکدا هاتوچۆ دەکەن دانیشتوانی ئەو گوندانەی بێزار کردووە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، ئەو قەرەباڵغیەی بارهەڵگرەکان دروستیان کردووە کاتییە تا رێگاکانی دیکە دەکرێنەوە.
964 زانیویەتی رێگای سماقوڵی، بالیسان و کۆیە بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، تاکە رێگا بۆیان رێگای هیرانە کە بەو گوندانەدا دەگەنە سکتان و لەوێوە بۆ سلێمانی دەچن.
گۆران یاسین، دانیشتووی گوندی کۆلکەڕەش بە 964ی راگەیاند، بارهەڵگرێکی زۆر بە بەردەوامی لەبەردەم گوندەکەیان دەوەستن و رێگاکەیان دەگرن و ژاوەژاوێکی زۆریش دروستدەکەن.
وتیشی، “رێگای هاتوچۆی خەڵکی گوندەکانیشیان گرتووە و سەرەڕای خراپی رێگاکە، بارهەڵگرەکان مەترسییان لەسەر ژیانی خەڵکەکە دروست کردووە”.
حاکم شاخەوان، بەڕێوەبەری ناحیەی سکتان بە 964ی راگەیاند، ئەو لۆدە زۆری شاحینە و لۆری پەیوەندی بە گرتنی ئەو رێگایانەی ترەوە هەیە کە هاوڵاتیان رێگا نادەن بارهەڵگریان پێدا بڕوات و هەمووی هاتووەتە ئەو سنوورە.
وتیشی، “بارودۆخەکە کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم رێگاکانی دیکەش بەڕووی بارهەڵگرەکاندا دەکرێنەوە و ئەو لۆدە زۆرە لەسەر ئەو گوندانە و سنووری ناحیەی سکتان نامێنێت”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی