27 خێزان تێیدا دەژین

ئیدارەى کەرکوک خێوەتى ئاوارە سورییەکانى رووخاند

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک

بەهۆى زێدەڕییکردنە سەر شەقامە گشتییەکانى شارەکە، قایمقامى کەرکوک خێوەتى ئاوەرە سورییەکانى رووخاند.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 25.4.2025، لیژنەی زێدەڕۆییەکانى کەرکوک بەسەرپەرشتی قایمقامى شارەکە، دەستیکرد بە روخاندنی سەرجەم ئەوخێوەتانەی کە لەسەر شەقامی کۆرنیشی گەڕەکی عەدەن لە شاری کەرکوک هەڵدرا بوون.

خێوەتەکان ژمارەیان 27 دانە بوو، کە ئاوارە سورییەکانى شارەکە بە مەبەستى ژیانکردن لەو شوێنە هەڵیاندا بوون.

فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت،”دوای هەفتەیەک لە ئاگادار کردنەوەی دانیشتوانی نێو ئەو خێوەتانە، ئەمڕۆ سەرجەمیانمان رووخاند و جارێکى دیکە بۆیان نیە لەو شوێنە خێوەت هەڵبدەنەوە”.

بە وتەى قایمقامى کەرکوک، دانیشتوانى نێو ئەو خێوەتانە سواڵیان دەکرد و بەو شێوەیە بارى داراییان خراپ نەبوو تا لە نێو خێوەتدا بژن.

پێشتر زیاتر لە 2 هەزار و 500 خێزانى ئاوارەى سورى لە کەرکوک نیشتەجێبوون، بەڵام بە وتەى سەرچاوەیەکی تایبەت لە نوسینگەی کەرکوکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ 964 قسەى کردووە، بەشێکیان گەڕاونەتەوە بۆ سوریا و بەشێکیان بۆ هەولێر و سلێمانى رۆشتون و لە ئیستادا هەزار و 500 خێزان ماونەتەوە.

وەک سەرچاوەکەى لقى کەرکوک نەتەوە یەکگرتووەکان باسى کرد، بەهۆی ئەوەی ئەو27 خێزانە زێدەڕۆییان کردووە و لە یاسای پاراستن و نیشتەجێبوونی عێراقی لایانداوە، ناتوانن بەرگریان لێبکەن.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح