لە ترسی شکاندن و بردنی

پەیکەرەکەی بەردەرکی سەرا بە بارێک چیمەنتۆوە داندراوەتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

بۆ ئەوەی دووربێت لە شکاندن و بردنی پارچەکانی، ناوەوەی پەیکەرەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی پڕ کرا لە چیمەنتۆ و وا بڕیارە سەرەتای مانگی پێنج پەردەی لەسەر لابدرێت.

پێشتر بەهۆی شکاندنییەوە پەیکەرەکە لابرابوو و جارێکی دیکە چاککرایەوە، بەڵام ئەمجارە ناوەکەی بەبۆشی نەهێڵدراوەتەوە و پڕ کراوە لە چیمەنتۆ.

ئاسۆس جاف، پەیکەرساز بە 964ـی وت، “لە ماوەی رابردوودا کەسانێک چەند بەشێکی پەیکەری ژەنینی پێڵاویان شکاندبوو لە بەردەرکی سەرای سلێمانی و شێواندبویان، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە پەیکەرەکەم هەڵگرتەوە و هەستام بە چاککردنی لاشەی پەیکەرەکە و ئەو سندووقی پێڵاو و بۆیاخکردنەی بەردەم پەیکەرەکە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا سندوقەکەی برابوو”.

وتیشی، “ئەمجارە پەیکەرەکەم نۆژەن کردووەتەوە و بەشی ناوەوەی پەیکەر و سندووقەکە پڕ کراوە لە چیمەنتۆ، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت زیانی پێبگەیەنێت و هیچ پارچەیەکی ببات”.

وابڕیارە رۆژی 7.5.2024 بە بەشداریی چەندان کەسایەتیی شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابدرێت.

پەیکەری ژەنینی پێڵاو لە ساڵی 2018 لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دانرا، سەرچاوەی بیرۆکەکە کچێکی 17 ساڵی ئاوارەی سوورییە، کە لەو جێگەیەدا پێڵاوی بۆیاخ دەکرد.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

باخی گشتیی هەڵەبجە نۆژەن دەکرێتەوە

باخی گشتیی هەڵەبجە نۆژەن دەکرێتەوە