دواى 50 رۆژ موچەیان وەرگرت و بایکۆتیان شکاند
گیرفانى کارمەندانى ژینگەپارێزى دوکان گەرم کرایەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
دواى 11 رۆژ لە بایکۆت، کارمەندانى ژینگە پارێز لە قەزاى دوکان دەستیان بە دەوام کردەوە و موچەیان وەرگرت.ئازاد قادر، لێپرسراوى کۆمپانیاى شکار لە زۆنى دوکان بە 964ـى وت،”بەهۆی ئەوەی ژینگەپارێزانی کۆمپانیاکەمان ماوەی زیاتر لە 50 رۆژبوو موچەیان وەرنەگرتبوو بایکۆتیان راگەیاندبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەستاین بەدابینکردنی موچەکانیان”.
دەشڵێت: هەر ئەمڕۆ کارمەندان دەست بە کارکردن دەکەنەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى 11 رۆژە مانیان گرتووە، خاشاکێکى زۆر کۆبووەتەوە و پاککردنەوەى هەموو شوێنەکانیش چەند رۆژێکى پێویستە.
لەماوەى ئەو 11 رۆژەدا، شارەوانى لە رێگەى ئامێرەکانییەوە بەشێکى قەزاکەی پاککردووەتەوە، بەڵام وەک ئەوەى سەروەر ساڵح، سەرۆکى شارەوانى دووکان بە 964ـى وت،”بەهۆى کەمى کارمەند و ئامێرەوە نەمانتوانیوە هەموو قەزاکە پاکبکەینەوە”.
بەپێی زانیارییەکانی 964 کۆمپانیایەکی دیکە گرێبەستی پاکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی قەزای دوکانی واژۆکردووە و لەماوەکانی داهاتوو دەست بەکاردەبێت.
964 دەزانێت، رۆژانە زیاتر لە چوار تۆن زبڵ و خاشاک لە قەزاى دوکان کۆدەکرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح