فڕۆکەخانەکانی عێراق زوو زوو بەهۆی تەمەوە لە ئیش دەکەون
964+
عادل کانەبی – هەولێر
بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و تەم و کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ کەمتر لە 100 مەتر، بەشێوەیەکی کاتیی فڕۆکەخانەی بەغدا هاتوچۆی ئاسمانیی راگرتووە، جار جاریش فڕۆکەخانەی هەولێر رایدەگرێت، کە ئەم حاڵەتانە لە فرۆکەخانەکانی جیهان یان نییە یان زۆر کەمە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە بە هۆی تەمەوە بەشێوەی پچڕ پچڕ و بۆ ماوەی کاتیی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا رادەگیرێن و لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی کەشوهەوادا دەست پێدەکەنەوە.
فڕۆکەخانەکان بە سیستمی رادار کار دەکەن و لە رێگەی سیستمی کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی (ATC) جۆرە جیاوازەکانی رادار بەکاردەهێنن، هەندێکیان مەودای دوور و هەندێکیان مەودای کورت، بۆ بەدواداچوون بۆ جوڵەی فڕۆکە مەدەنییەکان لە ئاسمان و رێنماییکردنیان لەکاتی فڕینیان لە نێوان فڕۆکەخانەکاندا، کە شەپۆلەکانی رەنگدانەوەی لە فڕۆکەکەوە دەردەکەون وەک خاڵە رووناکەکان لەسەر شاشەی رادار.
هەروەها فڕۆکەکان راداریان هەیە کە لە پێشەوەی فڕۆکەکە دادەنرێت بۆ زانینی بارودۆخی کەشوهەوا لە رێڕەوەکەیدا، بە مەبەستی یارمەتیدانی فڕۆکەوان بۆ دوورکەوتنەوە لە بارودۆخی خراپ و بڕیاری گونجاو لە کاتی نیشتنەوەدا.
شایەنی باسە کە ئەم حاڵەتەی لە فڕۆخانەی بەغدا و هەولێر روودەدات، لە فڕۆکەخانەکانی جیهان نییە یاخود زۆر کەمن، بۆ نموونە کۆتا جار لە ساڵی 2017 بووە کە فڕۆکەخانەی هیتڕۆ لە بەریتانیا بەهۆی خراپی کەش و هەوا و تەمەوە گەشتەکانی بۆ ماوەیکی کاتی راگرتووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کە لە رابردوو بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەدام دەناسرا، گەورەترین فڕۆکەخانەی عێراقە، دەکەوێتە 16 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغدای پایتەختی عێراق و بەدوای قەزای ئەبوغرێبدا دێت.