چارەسەری نییە
نەخۆشی هێمۆفیلیا لە دهۆک روو لە زیادبوونە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە پارێزگای دهۆک نەخۆشی هێمۆفیلیا رووی لە زیادبوونە و بەرپرسی بەشی نەخۆشی خوێن لە تەندروستی دهۆکیش دەڵێت، ساڵانە نزیکەی پێنج حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێت.
لە سەنتەری ژین کە تایبەتە بە نەخۆشی خوێن لە دهۆک نزیکەی 200 تووشبووی نەخۆشی خوێن هەیە و لەو رێژەیە 131 کەسیان تووشبووی هیمۆفیلیان.
دکتۆر ئومێد عەدنان بەرپرسی بەشی تایبەتمەندییەکانی نەخۆشی خوێن لە تەندروستی دهۆک بە 964ی وت، نەخۆشی هیمۆفیلیا لە منداڵانی نێر زیاتر تووشی دەبن، چونکە هەندێک جار کۆرپەی نێر لە کاتی لەدایکبووندا تووشی هیمۆفیلیا دەبێت، دوای پاککردنەوە یان خەتەنەکردن زیاتر لە ئاسایی خوێنیان لێدێت، لە کاتەکانی تردا کۆرپە چەند مانگێک دوای لەدایکبوونی نیشانەکانی دەردەکەوێت.
وتیشی، ئەو نەخۆشییە بۆ ماوەییە و لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ، ئێستا روولە زیادبوونە و ساڵانە پێنج حاڵەت تۆمار دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشییەکە چارەسەری نییە، بەڵام ئێستا لە هەندێک وڵات چارەسەری جینات پەیدابووە، بۆیە ئەوانیش هەوڵدەدەن کە لێرەش ئەو چارەسەرە بدۆزنەوە و بەکاری بهێنن.
نەخۆشی هیمۆفیلیا نەخۆشیەکی بۆماوەییە، لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، خوێن کەم دەکات لە جەستەی هەڵگری نەخۆشییەکە و نابێت بریندارببن و حەبی ئەسپرین بەکاربهێنن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی