مەرجەکان چین؟

کۆنسوڵی روسیا لە هەرێم: کورسی خوێندنمان بۆ هەرێم دابین کردووە

964+

دیلان محەمەد-سلێمانی

کونسوڵی روسیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت روسیا 300 کورسی خوێندنی بۆ عێراق دابینکردووە، حەفتا دانە لەوانە بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستانە.

ئەمڕۆ ماکسیم رۆبین کونسوڵی روسیا لە هەرێمی کوردستان لە هەشتەمین دیداری سلێمانی بوو کە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، پەیامنێری 964 لێی پرسی چی لەهەگبەیاندایە بۆ قوتابیانی هەرێم، ئەویش بە عەرەبییەکی رەوان وەڵامی دایەوەو وتی ”لەنێوان روسیا و عێراقدا پەیوەندییەکی هەمەلایەنە هەیە، ئێمە لەچەند بوارێکدا هەماهەنگیمان هەیە یەکێک لەوانە بواری خوێندنە، ساڵانە روسیا 300 مینحەی خوێندن دابین دەکات بۆ قوتابیانی عێراق بۆ ئەوەی بێنە روسیا بخوێنن، ئەم مینحەیە هەم بۆ عێراقەو هەم بۆ هەرێمیشە، بۆ هەرێمی کوردستان ساڵانە 70 کورسیمان دابین کردووە”.

لەبارەی مەرجەکانەوە وتی ”هەر گەنجێک، هەر کەسێک خوێندنی ئامادەیی تەواو کردبێت دەتوانێت داواکاری خوێندن لە روسیا پێشکەش بکات لە رێی ئیمەیل و وێبسایتەکەمانەوە”.

کونسوڵەکەی روسیا ئەوەشی بیرنەچوو باسی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکات، وتی ”روسیا بە فەرمی داوای کە هەردوولا کردووە دان بەخۆدا بگرن، لە هەمان کاتدا دەڵێم ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کۆبوونەوەیەی رێک بخستایە کە روسیای ئیتیحادی داوایکردبوو، ئەوا رەنگە نەگەیشتباینایە ئەوەی ئێران وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە”.

ئەمڕۆ

ئەمڕۆ "دیداری سلێمانی" دەستیپێکرد