پڕۆژەی لەبری سەوزکردنە
10 باخچەی نوێ لە سلێمانی لە دروستکردندان
964+
پێشەوا محەمەد
لەناو شاری سلێمانی 10 باخچەی نوێ لە دروستکردندان، وتەبێژی باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، سەرجەمیان لە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن دروست دەکرێن.
پڕۆژەی لەبری سەوزکردنی لە رێنماییەکانی دەستەی ژینگەیە، هەر پڕۆژەیەک 25%ـی سەوزایی نەبێت، پێویستە رێژەی تەواوکراوی لە دەرەوەی پڕۆژەکە سەوز بکات.
عەلی حامید، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە ئەو کۆمپانیا و پڕۆژانەی رێژەی سەوزایی تەواویان لەناو پڕۆژەکان نەبێت لەبری سەوزکردنیان پێ ئەنجام دەدارێت.
وتیشی، “ئێستا 10 باخچەی نوێ لە دروستکردندان و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبین لە دروستکردنیان”.
لەناو شاری سلێمانی نزیکەی 508 بخچە، 90 بلوار و حەوت پارکی گەورە بوونیان هەیە.
“ئەو باخچانەی دروست دەکرێن بەشێکیان باخچەی کۆڵانەکانن، کە زەوییەکەیان هەبووە و سەوز نەکراون، بەشێکیان باخچەی دەوروبەری بەرزەپردەکانن”، عەلی حامید وای وت.
ئاماژەی بەوەش دا، خزمەتکردن و پاراستنی ئەو باخچانە لەسەر کۆمپانیاکان دەبێت.