بەرشەلۆنە جامی سوپەری ئیسپانی بەرزکردەوە

964+

توانا نەقی

یانەی بەرشەلۆنە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ریاڵی بردەوەو بۆ جاری 14هەم بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.

کەمێک پێش ئێستا، یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لەنێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدرید کۆتایی هات.

یارییەکانی پێش کۆتایی و کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانی لە وڵاتی عەرەبستانی سعودیە بەڕێوەچوون.

یارییەکە ئەمشەو کاتژمێر10 بەکاتی کوردستان بەڕێوەچوو، لە گێمی یەکەمی کلاسیکۆدا، بەرشەلۆنە ئاستێکی بەرزی پێشاندا و لە خولەکی 33 گاڤی توانی بە پاسێکی لیڤاندۆڤسکی گۆڵی یەکەم بۆ بەرشەلۆنە تۆمار بکات.

هەرلە گێمی یەکەمداو لە رێگەی یاریزان لیڤاندۆڤسکی لە خولەکی 44 بەرشەلۆنە بووە خاوەنی گۆڵی دووەم، ریاڵ مەدریدیش یەک لێدانی لەماوەی گیمی یەکەمدا ئاراستەی گۆڵی بەرشە نەکرد.

لە گێمی دووەمی یارییەکدا، بەرشەلۆنە لە ئاستە بەرزەکەی بەردەوام بوو، لە خولەکی 69 یاریزان پێدرێ بەرشەلۆنەی کردە خاوه‌ن گۆڵی سێیەم.

ریال مەدرید، لە خولەکی 93 لە رێگەی یاریزان بنزیما تاکە گۆڵی ریال مەدریدی تۆمار کرد.

جامی سوپەری ئیسپانی بۆ یەکەمجار ساڵی 1982 بەڕێوەچوو، بەو جامەش بەرشە توانی بۆ جاری 14هەم ببێتە پاڵەوانی جامەکە کە ئەمەش ریکۆردی پاڵەوانیەتییەکەیە.