هاوڵاتیان گلەییان هەیە

یەک ساڵە کۆمپانیای پاککەرەوە بەینی لەگەڵ چەند گەڕەکێکی رانیە نەماوە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

دانیشتوانی گەڕەکەکانی قەڵات و قولە و رەشەمێرگ و گڵینجان لە رانیە گلەییان لە کۆمپانیای پاککەرەوە هەیە و دەڵێن ئۆتۆمۆبێلی خۆڵڕێژ نایەنە ناو گەڕەکەکانمان و داوامان لێ دەکەن خاشاکەکانمان ببەینە شوێنێکی دوور لە گەڕەکەکانمان دایبنێین ئینجا فڕێی دەدەن، جگە لەوەش کارمەندانی پاککەرەوە زۆر جار سەتڵی خۆڵەکانمان دەشکێنن و جاری وا هەبووە لە یەک مانگدا دوو سەتڵی خۆڵی تازەمان کڕیوە.

بڕوا مەحمود دانیشتویەکی گەڕەکی قەڵاتە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ماوەی ساڵێکە من هەموو رۆژێک بەدەستی خۆم زبڵەکەی ماڵەوەمان دەبەم لە سەر شەقامێکی دوور لە گەڕەکەکەی خۆمان فڕێی دەدەم، چونکە ئۆتۆمبێلەکانی پاککەرەوە نایەنە گەڕەکەکانمانەوە و هەرچەندە کۆڵانەکەشمان کێشەی نییە و زۆر ئاساییە ئەوە جگە لەوەی کە سەتڵی خۆڵەکانیشمان دەشکێنن ئەگەر بێت و خۆڵەکە فڕێ بدەن”.

بەهجەت حەمە رەزا بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیڤان بە 964ـی وت، هۆکاری فڕێ نەدانی خۆڵەکان ئەوەیە ئەو گەڕەکانە زۆر تەسکن و ئۆتۆمۆبێلەکانمان گەورەن و ناتوانن بە ئاسانی بڕۆنە ناو کۆڵانەکانەوە، چارەسەر کردنی ئەو گرفتەش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و لەدەستی شارەوانیدایە، بەڵام بۆ گەڕەکەکانی تر کێشەمان نییە و ئۆتۆمۆبێلەکانمان دەچنە بەر دەرگای ماڵەکان و زبڵەکە کۆدەکەنەوە.

سەبارەت بە شکاندنی سەتڵی خۆڵەکان ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری شکانی سەتڵی خۆڵەکان ئەوەیە، بەشێک لە هاوڵاتیان عەلاگەی خۆڵ بەکار ناهێنن و زبڵەکەش بەژێری سەتڵەکانەوە بەجێدەمێنێ، بۆیە زۆر جار ژینگەپارێزان پێویستە سەتڵەکە بەتوندی بکێشن بە رۆخی پاککەرەوەکە بۆ ئەوەی سەتڵەکە بەتەواوی بەتاڵ بێت و پاک ببێتەوە.

دەربارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشەیە پەیامنێری 964 پەیوەندی کرد بە شارەوانی راپەڕینەوە، رێباز محەمەد لێپرسراوی بەشی ژینگەو خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی راپەین وتی، ئەوان بیریان لەوە کردووەتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە تەندەری داهاتوو سەیارەی بچوک ئامادە بکەین بۆ ئەو کۆڵانانە و کێشەکە چارەسەر بکەین.

رێباز محەمەد لە رێگەی 964ەوە داوای لە هاوڵاتییان کرد کە هاوکاری ژینگەپارێزان بکەن و ئۆتۆمۆبێلەکانیان لە سەرەتای کۆڵانەکان رانەگرن بۆ ئەوەی کابیسەکان بتوانن بڕۆنە ناو کۆڵانەکان و ئەو گرفتانە دروست نەبن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

رۆژانە ٤٠٠ تۆن زبڵ لە دەڤەری راپەڕین کۆدەبێتەوە و کەس ن...

رۆژانە ٤٠٠ تۆن زبڵ لە دەڤەری راپەڕین کۆدەبێتەوە و کەس نیە فڕێیبدات