خوێندنی کوردانی رۆژهەڵات لە کۆیە دەستی پێکردەوە
دوای درۆن بارانەکەی ئێران
میدیازان – كارزان جەرجیس – كۆیە
دوای ٢٦ رۆژ لە وەستانی بەهۆی هێرشی موشەکی ئێران، قوتابیانی کوردانی رۆژهەڵات لە قوتابخانەیەکی تری ناو کۆیە، درێژە بە خوێندن دەدەن، بەڵام شوێنی خوێندنیان گواستراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی یەکەم، نەبەز ئەكرەم عەبدوڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی، کرانەوەی قوتابخانەکەی راگەیاند کە لە ٢٨ـی ئەیلولی رابردوو بەهۆی هێرشی درۆنەکانی ئێرانەوە داخرا بوو.
بەهۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆر بەبینای قوتابخانەکە کەوتووەو کەڵکی ئەوەی نەماوە دەوامی تیا بکرێت، بۆیە ئێستا لەقوتابخانەیەکی تری ناو کۆیە مامۆستاو قوتابییەکان دەوام دەکەن.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی دەڵێ ‘خۆشبەختانە لەو هێرشە موشەکییەدا خوێندكار و مامۆستاكان سەلامەت دەرچوون’.
لەقوتابخانەیەکی تری ناو کۆیە مامۆستاو قوتابییەکان دەوام دەکەن
٢٨ـی ئەیلولی رابردوو، كەمپی كوردانی ڕۆژهەڵات لە کۆیە لەلایەن ئێراونەوە، هێرشی موشەکی کرایەسەر، هەردوو قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی و دایانگەی هەنگ بەهۆی هێرشەکە زیانی زۆر بە بیناکەیان کەوت.
هەر دەستبەجێ بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە، خوێندنی لەو قوتابخانەیەو داینگەیە راگرت، بەڵام ئەمڕۆ شەممە، دوای ٢٦ رۆژ بەسەر هێرشە موشەکیەکی ئێران، خوێندکارانی قوتابخانەی رۆژهەڵات و دایانگەی هەنگ، لە قوتابخانەکانی ناو کۆیە دەست بەخوێندن دەکەنەوە.
شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی كۆیە بە میدیازانی راگەیاند، بەهەر هۆکارێک خوێندکاران لە خوێندن داببڕێن، ئەوا ماوەکەیان بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە.
زیاتر وتی “هەوڵدەدەین لەرۆژانی پشوو، یان بوونی هەر بۆشاییەك لەنێوان بابەتەكاندا ئەوا قەرەبووی خوێندكاران بكرێتەوە لەو کاتەی لەدەستیان چووە، بۆ ئەوەی مافی خوێندكاران نەفەوتێت”.
لە کەمپی رۆژهەڵات لە کۆیە، بەهەردوو قوتابخانەی دووی ڕێبەندان و ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێكەڵاو ٣٠٠ قوتابی هەن، هاوکات لە داینگەی هەنگیش ٣٠ منداڵ هەیە.
“بەهەر هۆکارێک خوێندکاران لە خوێندن داببڕێن، ئەوا ماوەکەیان بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە”
مامۆستا نەبەز ئەكرەم عەبدوڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی دەڵێ، قوتابخانەکە ساڵی 1995 دروستکراوەو خوێندن تێیدا بەهەمان پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی كوردستانە.