نیوەڕۆ زانیویانە بۆردومان بووە

باوکی ئەو گەنجەی لە بۆردومانەکەی گەڵاڵە گیانی لەدەست دا قسە بۆ 964 دەکات

964+

رێژوان مامە- سلێمانی

بەهۆى بۆردومانەوە گەنجێکى تەمەن 37 ساڵى گوندى گەڵاڵە گیانى لەدەست دا و باوکى گەنجەکەش دەڵێت، لەبەر ئەوەى خانووەکەیان لەناو باخ و باخات بووە، پێیان وا نەبووە  بۆردومان بکرێت.

سەعید محەمەد، باوکى ئەو گەنجەى شەوى رابردوو لە بۆردومانى گوندى گەڵاڵە گیانى لەدەست دا بە 964ـى وت، “خەڵکى گوندى گەڵاڵەین، رەز و باخمان هەبە و خانوومان لەسەر دروستکردووە، دوێنێ پێشنیوەڕۆ کاتژمێر 11:00 لە سلێمانییەوە چووین، بەڵام کوڕەکەمان شەو نەگەڕایەوە و هەندێ ئیشى رەز و باخى هەبوو بۆیە مایەوە”.

بۆردومانەکە، نیوەشەوى شەوى رابردوو روویداوە، بەڵام تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ کەس نازانێت بۆردومان هەبووە، بە وتەى باوکى ئەو گەنجە، بەهۆى ئەوەى ئەو شوێنە ئامێرەکانى پەیوەندى تێیدا کار ناکەن، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ کوڕەکەیان نەبووە، تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ لەلایەن کەسێکى ناوچەکەوە ئاگادار کراونەتەوە، کە خانووەکەیان بۆردومان کراوە.

کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)، بە 964ـى وت،”لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی لە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتیی پارێزگای سلێمانی، هاوڵاتییەکی مەدەنی گیانى لەدەست دا”.

بە وتەى کامەران مەلا عوسمان، بۆردومانەکە لە کاتژمێر 11:00ـی شەوی رابردوو روویداوە و ئەو هاوڵاتییە بۆ کارى جوتیارى و رەزوباخ گەڕابووەوە بۆ گوندەکەى، بەڵام لە بۆردومانەکەدا گیانى لەدەستداوە.

لاى خۆیەوە، کامەران حەسەن، قایمقامى قەزاى ماوەت بۆ 964 ئاشکراى کرد، ئەو هاوڵاتییەى لە رووداوەکەدا گیانى لەدەستداوە، کەسیکى مەدەنییە و لە گوندەکەیان کارى کشتوکاڵى و باخدارى دەکەن.

وەک ئەوەى قایمقامى ماوەت باسى دەکات، نازانن هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە یان فڕۆکەى جەنگى، بەڵام لە هەمان شەودا دوو خانوى دیکە تەقێندراونەتەوە، کە چۆڵ بوون.

ئەو خانووەکەى هاوڵاتییەکەى تێدا بە ئامانج گیراوە، دەکەوێتە دووریى 10 کیلۆمەتر لە دورى گوندەکە، ئەوەش بە قسەى قایمقامى شارباژێر.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

لە شارباژێر هاوڵاتییەک بە بۆردومانى فڕۆکە گیانى لەدەس...

لە شارباژێر هاوڵاتییەک بە بۆردومانى فڕۆکە گیانى لەدەستدا