بە هەشت قۆناغ
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان یادی 36 ساڵەی پرۆسەی ئەنفال دەکاتەوە
964+
فەهمی نەبی
پرۆسەی ئەنفال لە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ جێبەجێکرا، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان زیاتر لە 182 هەزار لە ژن و منداڵ و پیاو شوێنبزرکران.
سەرەتای پرۆسەکە
حکومەتی بەعس بە واژۆی سەدام حسێن، بڕیاری ژمارە 4008ی بۆ هەریەکە لە فەیلەقی (1 و 2 و 5) نارد، بڕیارەکە رێککەوتی 20.6.1987ی بەسەرەوەیە، بە حەوت خاڵ بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد.
عەلی حەسەن مەجید ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمایەتی حزبی بەعس سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیەی دەکرد.
لەبارەی ناونانی پرۆسەی ئەنفال، سوڵتان هاشم لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنی لەساڵی 2006 وتی “ئەوەی ناوی لە پرۆسەی ئەنفال نا، فەرماندەی فەیلەقی یەکی سوپای ئەو کاتەی عێراق لیوا روکن کامل ساجت جەنابی بوو”.
شاڵاوی ئەنفالی یەک
شاڵاوی ئەنفالی یەک بە پەلاماردنی بارەگاکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە 22.2.1988 لە دۆڵی جافایەتی دەستیپێکرد، ئەنجامی ئەو پرۆسەیە بە پاشەکشێی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە کۆتایی هات، حکومەتی ئەوسای عێراق لە 19.3.1988 کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند.
بەپێی ئەو بەڵگانەی دوای ساڵی 2003 دۆزراونەتەوە، لە شاڵاوی ئەنفالی یەک زیاتر لە 12 هەزار کەس بێ سەروشوێن کراون.
قۆناغی دووەمی ئەنفال
قۆناغی دووەم لە 23.3.1988 بۆ هەریەکە لە ناوچەکانی قەرەداغ، بازیان و دەربەندیخان دەستیپێکرد، دوای هەشت رۆژ، لە 1.4 حکومەتی ئەوسای عێراق کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 80 گوند لەو پرۆسەیە خاپوور کران و پێنج هەزار و 637 کەسیش شوێنبزرکران.
قۆناغی سێیەم
قۆناغی سێیەمی ئەنفال لە گەرمیان بوو، لە 7.4 تا 20.4ی خایاند کە بە سەخترین پرۆسەی هێرش دادەنرێت بەراورد بە قۆناغەکانی پێش خۆی، لەو قۆناغە زیاتر لە 500 گوند خاپور کران، رۆژی 14.4.1988 بە لوتکەی ئەو هێرشە ئەژمار دەکرێت، بەجۆرێک نزیکەی 20 هەزار لە ژن و منداڵ بە ئیڤای سەربازی گوسترانەوە بۆ قەڵا سەربازیەکانی قۆرەتوو لەوێشەوە بۆ چارەنوسێکی نادیار.
قۆناغێ چوارەم
قوناغی چوارەمی ئەنفال 10 رۆژی خایاند لە رۆژی 5.3 تاوەکو 15.3ی خایاند، لەو قۆناغە شارەدێی ئاغجەلەر و قەلاسێوکەی گرتەوە، لەو قۆناغە 75 گوند خاپورکران.
قۆناغەکانی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم
قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم لە 15.5 تاوەکو 26.8 بوو، بۆ هەریەکە لە ناوچەکانی شەقڵاوە و رواندز بوو.
قۆناغی هەشتەم
قۆناغی هەشتەم و کۆتایی لە 26.8 تاوەکو 6.9ی خایاند بۆ دهۆک و زاخۆ بوو.
بەگوێرەی خەمڵاندنی کۆمیتەی بەرگری لە قوربانیانی ئەنفال لە کۆی هەشت پرۆسەکەی ئەنفال، 182 هەزار ژن و منداڵ و پیاو شوێنبزرکراون.