سکاڵا تۆماردەکەن

چاکسازی گەورانی هەولێر: ئەو زیندانیەی گیانی لەدەستداوە نەخۆشی شەکرەی هەبووە

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر لەسەر گیان لەدەستدانی زیندانیەک رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەتەوە و ئەوە هاتووە، ئەو سزادراوەی گیانی لەدەستداوە نەخۆشی شەکرەی هەبووە و ماوەی 22 ساڵە لە زیندانە و سکاڵا لەسەر ئەو دەزگایانە تۆمار دەکەن کە هەوڵی ناوزڕاندنی چاکسازی گەورانی هەولێریان داوە.

بەپێی راگەیەنراوەکەی چاکسازی گەورانی هەولێر، “ئەو سزادراوە ناوی (ئەسعەد حسێن ئەحمەد)ە، نەخۆشی شەکرەی هەبووە و ئەو نەخۆشیە کاریگەری لەسەر کلیەکانی دروستکردووە، تیمێکی چاکسازی هەفتانە دووجار ئەو زیندانیەیان بردووەتە نەخۆشخانە بۆ شوشتنی گورچیلە بۆ چارەسەر”.

ئەوەش هاتووە “بنەماڵەی کۆچکردوو سەردانی چاکسازی گەورانیان کردووە و سوپاسگوزاری پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزاریە بوون کە پێشکەش بە زیندانیەکە کراوە”.

لەبارەی جۆری سزای ئەو زیندانیە، چاکسازی گەورانی هەولێر دەڵێت، ماوەی 22 ساڵە لە زیندانە و بەپێی مادەی 406 و 169 بەسزای لەسێدارەدان و پێنج ساڵ و یەک مانگی هەبوو.

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر رایگەیاندووە، “سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو پەیج و دەزگا راگەیاندنانە تۆماردەکەین کە هەواڵی ناڕاستیان بەناوی بنەماڵەی کۆچکردوو بڵاوکردوەتەوە و هەوڵی ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێریان داوە”.